ئالوسی: پێویستە لەسەر هەموو عەرەب پشتگیریی کورد بکەن
میسال ئالوسی، کە سەرۆکی حیزبی ئوممەی عێراقییە لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو ، کە کاژێر 9.05 خولەکی ئەمشەو لە کەناڵی رووداو پەخش دەکرێت رایگەیاند: "لە عێراق ستەمکاری نەتەوەییمان هەبوو و ئێستاش ئەو ستەمکارە بووەتە ستەمکاری ئایینی و کاردانەوەی زۆر ترسناک و ئامادەیی کوشتن و ئەنجامدانی تاوانی هەیە، ئیسلامییەکان بەشێوەیەکی گشتی وەک حیزبی سیاسی شکستیان هێنا لە دۆزینەوەی رێگەچارە بۆ قەیران و کێشەکانی کۆمەڵگەی عێراقی".
میسال ئالوسی گوتیشی "عێراق بەشێک نییە لە جیهانی عەرەبی لەبەرئەوەی عەرەب یەکەم کەس بوون ئێمەیان سەربڕی و هەموو پێشنیازە ئیسلامی عەرەبچێتییە تووندڕەوەکان هۆکاری ناکۆکییە نێوخۆییەکانن".
سەرۆکی فراکسیۆنی هاوپەیمانی مەدەنی و دیموکراتی ئاماژەی بەوەشدا کە "هاوپەیمانی مەدەنی و دیموکراتی لەکاتی دابەشکردنی لیژنەکانی پەرلەمانی عێراق دەنگی خۆی دایە کورد، چونکە ئێمە باوەڕمان بە بەهای مرۆڤ هەیە و باوەڕی تەواومان هەیە کە کورد ستەمی لێکراوەو مافی خوراوە، بۆیە پێویستە لەسەر هەموو عەرەب پشتگیری کورد بکەن".
میسال ئالوسی هاوکات گلەیی لە سەرکردایەتی کورد کرد و گوتی "دەبوایە سەرکردایەتی کورد یان فراکسیۆنی کوردستانی لەگەڵماندا کۆببنەوە بۆ ئەوەی رێککەوین بۆئەوەی هەوڵی پێکهێنانی حکومەتێک بدەین هێزی مەدەنی و بەهای دیموکراتی زۆرتر لەخۆبگرێ و پێگەیەکی سەرکەوتنی هەبێ، بەڵام ئەمە رووی نەدا، ئەگەرچی ئەمە رێگر نابێ لەوەی ئێمە جارێکی دیکە جەخت بکەینەوە لەوەی کە پرسەکە بووە شیعە و سوننە و پرسەکان بەم شێوەیە بەجادوویی کران دەنگ بۆ بەدەستهێنانی مافەکانی کورد دەدەین وەک چۆن پێشتر بۆ پاڵپشتیکردنی کورد جەنگاین".
رووداو
