زەیدی له‌گه‌ڵ سوپای بەدر له‌ خانه‌قینه‌.. به‌رپرسێک گومانی لێیان هه‌یه‌

 زەیدی له‌گه‌ڵ سوپای بەدر له‌ خانه‌قینه‌.. به‌رپرسێک گومانی لێیان هه‌یه‌
بەرپرسێکی پارتیی دیموکراتی کوردستان لەخانەقین ئاشکرای کرد، ماوەی سێ رۆژە ھێزێکی زۆری سوپای عێراق بە ئاڵای عێراقەوە ھاتوونەتە سنووری خانەقین و(عەبدولئەمیر زەیدی)-یشیان لەگەڵدایە که‌ له‌ ئێستادا بەرپرسی یەکێک لە مەفرەزە بچووکەکانی ئەو ھێزە هاتووه‌یه‌‌ کە لەژێر کۆنترۆڵی ھێزی پێشمەرگەدایە.

بەرپرسی لقی 15ی پارتیی دیموکراتی کوردستان لە خانەقین (شێخ جەعفەر شێخ مستەفا) بە kdp.infoی راگەیاند: لە ھەفتەی رابردوودا دوای ئەوەی ھێزی پێشمەرگە چەند شوێنێکیان لە میحوەری جەلەولا کۆنترۆڵ کرد، تا ئێستا لەو ناوچانەن و پێشڕەوییان نەکردووە، بەڵام ھێزی پێشمەرگە بە بەردەوامی مۆڵگەکانی داعش بۆردوومان دەکه‌ن، بەتایبەت دوێنێ بە سەختی بۆردوومانیان کردوون."
بەرپرسی لقی 15ی پارتیی دیموکراتی کوردستان لە خانەقین راشیگەیاند: "ھێزێکی زۆری سوپای عێراق ھاتووه‌تە ناوچەکە، کە به‌ ھێزی بەدر ناسراوە و (ھادی عامری) سەرپەرشتی دەکات کە سەرۆکی ئەو ھێزەیە و لەگەڵ (عەبدولئەمیر زەیدی)-ی فەرماندەی ھێزی دیجلە، بەڵام ئەو داوای کردبوو لە راگەیاندنەکان باس لە ئەو نەکرێت."
(شێخ جەعفەر) روونیشی کردەوە، "ھێزکە بە زیاتر لە 100ئۆتۆمبێل مەزندە دەکرێت و چەکێکی زۆریان پێ بووە و بە نا و کەلاردا رەت بوون، بە حیساب بۆ رزگارکردنی ئامرلی ھاتوون، بەڵام من بڕوا ناکەم و رەنگە مەبەستی دیکەیان ھەبێت."
ئەو بەرپرسەی پارتی گوتیشی: "(ھادی عامری) و (زەیدی) لەگەڵ بەرپرسی میحوەری ئەو ناوچەیه‌ی ھێزی پێشمەرگە کۆ بوونه‌تەوە، بەڵام ئێمە تێیدا بەشدار نەبووین، داوای ھاوکارییان لە ھێزی پێشمەرگە کردووە و داوایشی کردووه‌ لە راگەیاندن باس نەکرێت، چونکە پێی ناخۆش بووە داوای ھاوکاری لە پێشمەرگە کردووە."
زیاتر گوتی، "لە ئێستادا ئەو ھێزەی بەدر کە لەو ناوچەیە (عەبدولئەمیر زەیدی) بووه‌تە بەرپرسی یەکێک لە مەفرەزه‌ بچووکەکانی لەو ناوچە، لەژێر کۆنترۆڵی ھێزی پێشمەرگەدایە."
(شێخ جەعفەر شێخ مستەفا) ئەوەشی خستەڕوو، ماوەی سێ رۆژە ئەو ھێزە ھاتووە، بەڵام تا ئێستا ھیچ چالاکییان نەبووە.
Top