سەرکردەکانی هاوپەیمانیی شیعەکان لەسەر بەرنامەی حکومەت رێککەوتن

 سەرکردەکانی هاوپەیمانیی شیعەکان لەسەر بەرنامەی حکومەت رێککەوتن
هاوپەیمانیی نیشتمانیی شیعەکان لەسەر بەرنامەی حکومەتی نوێی عێراق رێککەوتن بۆئەوەی بەرنامەکە بخەنە بەردەستی لایەنەکانی دیکە.

نووسینگەی ئیبراهیم جەعفەری سەرۆکی هاوپەیمانی نیشتمانی ئاشکرایکرد، هاوپەیمانێتییەکەیان لەناوخۆیدا لەسەر بەرنامەی حکومەتی نوێ گەیشتووەتە رێککەوتن و بەرنامەکە بۆ لایەنە سیاسییەکانی دیکە دەخەنەڕوو". داواشی لە کوتلە سیاسییەکان کرد "پەلە بکەن لە پێشکەشکردنی پاڵێوراوانیان بۆ وەرگرتنی پۆستە وەزارییەکان".

نووسینگەی سەرۆکی هاوپەیمانی نیشتمانی، لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە، "سەرۆکی هاوپەیمانی نیشتمانی لەگەڵ شاندی دانوستاندنی هاوپەیمانی نیشتمانی بۆ پێکهێنانی حکومەت کۆبووەتەوە و ئەنجامی دانوستاندنیان لەگەڵ کوتلەکان گفتوگۆ کردووە". هەروەک ئاشکراکراوە "هاوپەیمانی نیشتمانی، لەناوخۆیدا لەسەر بەرنامەی حکومەتی نوێی عێراق گەیشتووەتە رێککەوتن بۆ ئەوەی بەرنامەکە بخەنە بەردەستی لایەنەکانی دیکە، تاوەکو لەوادەی یاسایی دیاریکراوی خۆیدا بتوانن حکومەت پێکبهێنن، داواش لە کوتلە سیاسییەکان دەکەین پەلە بکەن لە پێشکەشکردنی پاڵێوراوانیان بۆ وەرگرتنی پۆستە وەزارییەکان ".

مەرجەعی باڵای ئایینی، رۆژی هەینی 29ی ئابی 2014 داوایکرد، پەلەبکرێت لە پێکهێنانی حکومەت و خستنە دەنگدانییەوە لەلایەن پەرلەمانەوە، هاوکات جەختی لەوەکردەوە لایەنەکان لە دیاریکردنی پاڵێوراوەکان بۆ وەرگرتنی پۆستە وەزارییەکان وردبن و کەسانی گونجاو دەستنیشان بکەن.

رۆژی 25ی ئەم مانگە حەیدەر عەبادی، دانوستاندنەکانی پێکهێنانی حکومەتی بە ئیجابی باس لێوەکرد و ئاشکراشیکرد، کە پەرۆشی پێکهێنانی حکومەتێکە، کە هەموو لایەنەکان لەخۆ بگرێت.







رووداو
Top