مالیكی: داواكاریی هەندێك لایەن پێچەوانەی دەستوورە
مالیكی سەرەتا بە باسكردنی پێكهێنانی كابینەی نوێ دەستیپێكردو باسی لەو گفتوگۆیانە كرد كە لەنێوان لایەنەكاندا هاتووەتە ئاراوە بۆ پێكهێنانی حكومەت بە سەرۆكایەتی حەیدەر عەبادی راسپێردراو بۆ پێكهێنانی حكومەت.
نووری مالیكی گوتی "گوێمان لە هەموو لایەنەكان گرتووەو داواكاریی هەموو لایەنەێكمان پێگەیشتووە، كە داوای هەندێكیان پێچەوانەی دەستووەرەو هەندێكیان كاتی دەوێ و هەندێكیشیان شایستەی جێبەجێكردنە".
جەختیكردەوە، كە دەبێ كێشەكانی عێراق بەپێی دەستوور چارەسەربكرێن و داوایكرد، كە حكومەتی نوێ بە بەشداریی هەموو لایەنەكان بێت و گوتی "بەشداریی هەموو لایەنەكان لە حكومەتی نوێ بەنیسبەت دەوڵەتی یاساوە خاڵی یەكەمی پلانمانە، بۆیە دەبێت ئاسانكاری بۆ ئەوە بكرێت".
سەرۆك وەزیرانی كاربەڕێكەری عێراق لە بەشێكی دیكەی وتارەكەیدا باسی لە یەكپارچەیی خاكی عێراق كردو ئاماژەی بە لێدوانی جۆ بایدن جێگری سەرۆكی ئەمریكا كرد، كە بەو دواییانەو دوای قووڵبوونەوەی زیاتری كێشەكانی عێراق جارێكی دیكە رایگەیاندەوە كە پێویستە عێراق بۆ سێ هەرێمی (كورد، سوننەو شیعە) دابەشبكرێت. مالیكی ئەو لێدوانانەی رەتكردەوەو گوتی "هەرێمە فیدراڵییەكان لەسەر بنەمانی تائیفی دانامەزرێن، چونكە ئەوە دەبێتە هۆی پارچەپارچەبوونی عێراق".
رووداو
