پێنج لیژنەی پەرلەمانی عێراق بەر کورد دەکەون، دووانیان سیادین

 پێنج لیژنەی پەرلەمانی عێراق بەر کورد دەکەون، دووانیان سیادین
پەرلەمانتارێکی پارتیی دیموکراتی کوردستان گوتی، لە کۆی 26لیژنەی ھەمیشەییی پەرلەمانی عێراق، کورد پێنج لیژنەی بەردەکەون، کە دووانیان سیادین و یەکێکیشیان بۆ پارتی دیموکراتی کوردستان دەبێت.

ئەندامی پەرلەمانی عێراق لەسەر لیستی پارتیی دیموکراتی کوردستان (رێناس جانۆ) بە KDP.INFOی راگەیاند: "لە پەرلەمانی عێراق 26لیژنەی ھەمیشەیی ھەیە و دابەش کراون بۆ سەر سێ گرووپ، گرووپی (A) و گرووپی (B) و گرووپی(C) کە گرووپی یەکەم پۆستە سیادییەکانن وەکو لیژنەی نەوت و غاز و یاسایی و دارایی و دەرەوە."
(جانۆ)دەشڵێت: "کورد پێنج لیژنەی بەردەکەون لە سیادییەکان دوو لیژنە و لە گرووپی دووەمیش دوو لیژنە و لە گرووپی سێیەمیش یەک لیژنە، کە لە ئێستادا باس لەوە دەکرێت لە لیژنە سیادییەکان لە ھەر سێ لیژنەی دارایی و لیژنەی نەوت و غاز و دەرەوە دووانیان بدرێن بە کورد."
زیاتر ڕوونی کردەوە، "لە گرووپی دووەمیش دوو لیژنە بۆ کورد یەکلایی بوونەتەوە، کە ھەریەکە لە لیژنەی خوێندنی باڵا و تەندروستی، کە تەندروستی بۆ پارتیی دیموکراتی کوردستان دەبێت."
ئەو پەرلەمانتارەی پارتی راشیگەیاند: "لەو پێنج لیژنەیە دوو لیژنە بۆ پارتی و دوو لیژنەش بۆ یەکێتیی نیشتیمانی و لیژنەی گرووپی سێیەمیش بۆ کوتلەکانی دیکەی کوردی دەبێت.
ڕوونیشی کردەوە کە، ھەر کوتلەیەک وەزارەتێکی بەربکەوێت ھەمان لیژنەی لە پەرلەمان پێ نادرێت، چونکە پەرلەمان رۆڵی چاودێری دەبینێت."
Top