مالیكی هەڕەشەی پێکهێنانی حکومەتی زۆرینە دەكات

 مالیكی هەڕەشەی پێکهێنانی حکومەتی زۆرینە دەكات
سەرۆك وەزیرانی كاربەڕێكەری عێراق هەڕەشەی پێكهێنانی حكومەتی زۆرینەیكرد لە عێراق، ئەگەر لایەنە سیاسییەكان مەرجی پێشوەخت و نابەجێ لە پێش حەیدەر عەبادی، سەرۆك وەزیرانی راسپێراوی عێراق دابنێن بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێ.

نووری مالیكی، سەرۆك وەزیرانی كاربەڕێكەری عێراق لە وتاری هەفتانەیدا رایگەیاند: "ئاگادارم لایەنە سیاسییەكان مەرجی پێشوەخت و نابەجێ دەخەنە پێش حەیدەر عەبادی، كە دەكرێ ببێتە هۆی بەسەرچوونی ماوەی دەستووریی بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێ بەبێ ئەوەی سەرۆك وەزیرانی راسپێراو بتوانێ ناوی وەزیرانی كابینەكەی رابگەیەنێ".

نووری مالیكی گوتیشی "دانانی ئەو مەرجانە هەوڵێكە هاوشێوەی هەوڵەكانی ساڵی 2010، كاتێك پێكهێنانی حكومەتی نوێ چەند مانگێك لە وادەی خۆی دواكەوت، ئامانجی لایەنەكانیش لەو هەوڵە دروستكردنی بۆشا‌یی دەستوورییە لە عێراق، بۆیە ئێمە رێگە بەوە نادەین".

سەرۆك وەزیرانی كاربەڕێكەری عێراق ئاماژەی بەوەشدا، كە "هەندێك لە لایەنە سیاسییەكان هەوڵ دەدەن سەرۆك وەزیرانی راسپێراو ناچاری دوو بژاردە بكەن یان قبوڵكردنی مەرجەكانیان یاخود بەسەرچوونی ماوەی دەستووریی بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێ".

نووری مالیكی جەختی لەوەشكردەوە، كە "دەبێ ئەو لایەنانە بزانن كە بژاردەی سێیەمیش هەیە، كە ئەویش پێكهێنانی حكومەتی زۆرینەی سیاسییە بە بەشداری هەموو پێكهاتەكان وەك پێشتر باسمان لێوە دەكرد، چونكە نابێ هەڵەكانی حكومەتەكانی پێشوو بكرێنە بیانوو بۆ دروستكردنی تەگەرە لە پێش حكومەتی نوێ".

مالیكی زیاتر گوتی، "پێویستە لەسەر سەرۆك وەزیرانی راسپێراو رێگە بەو لایەنانە نەدات كە خاوەنی گرووپی چەكداری و جێبەجێكاری ئەجیندای دەرەكین و باوەڕیان بە یەكپارچەیی خاكی عێراق نییە بەشداری حكومەتی نوێی عێراق ببن".

نووری مالیكی كە هێشتا فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عێراقە، هاوكات داوای لە هێزی ئاسمانی عێراق كرد زۆر بە وریایی و هۆشیارانە موڵگەكانی داعش لە شارەكانی عێراق بكەنە ئامانج بۆ ئەوەی خەڵكی مەدەنی بە هەڵە نەبنە قوربانی ئەو هێرشانە.

مالیكی هەروەها سوپاسی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی كرد بۆ گەمارۆدانی سەركردەكانی داعش و قاعیدە و بەرەی نوسرە و سەرچاوەی داراییان و داوای لە ئەنجوومەنەكە كرد بڕیارێكی هاوشێوە لە دژی دەزگاكانی راگەیاندنی پاڵپشتیكەری داعش "تیرۆر" دەربكات.

بەپێی ماددەی 76ی دەستووری فیدراڵی پێویستە لەسەر سەرۆك وەزیرانی راسپێراوی عێراق، لە 11ـی مانگی ئەیلول ناوی وەزیرانی كابینەكەی رابگەیەنێ.






رووداو
Top