ئامادەکاری بۆ گرتنەوەی ناوچە سوننیەکانی ژێر دەستی داعش دەکرێت
ساڵح عیساوی، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای ئەنبار رایگەیاند "هێزەکانی ئەمریکا هاوکارن بۆ دروستکردنی هێزێکی چەکداری خۆجێیی جیا لە هێزەکانی حکومەت و بڕیارە بازنەی بۆردوومانی فڕۆکەکانیش فراوانتر بکرێت و ناوچەکانی پارێزگای ئەنباریش بگرێتەوە، کە لەژێر کۆنتڕۆڵی هێزەکانی داعشدان، بێگومان ئەوەش لەسەر داوای هۆزەکانی ناوچەکە".
جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای ئەنبار روونیشیکردووەتەوە، کە ئەوان لە هەوڵی دروستکرنی هێزن بۆ پارێزگاری لە خۆیان و ژمارەیەکی زۆری خەڵکیان هەیە و دەتوانن خۆیان بەرگری لە ناوچەکانی خۆیان بکەن، ئەگەر چەکیان پێبدرێت و هێزەکانیان پشتیوانی ئاسمانییان بۆ دابینبکرێت".
ئەو داوایەی هۆزەکانی ئەنبار، لەلایەن نووری مالیکی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان رەزامەندی لەسەردرا و مالیکی رازیبووە بەبێ گەڕانەوە و هەماهەنگی لەگەڵ عێراق، فڕۆکە جەنگییە ئەمریکییەکان ئاسمانی عێراق ببەزێنن و بۆردوومانی ئەو ناوچانەی روومادی بکەن، کە دەکەونە ژێر کۆنتڕۆڵی داعش، پێشتریش نووری مالیکی پێشوازی لە بۆردوومانی فڕۆکە سوورییەکان کرد، کە کردیانە سەر هەردوو شارۆچکەی رووتبە و قائیم لە رۆژئاوای ئەنبار.
رووداو لە سەرچاوەکانی خۆی لە بەغدا زانیویەتی حەیدەر عەبادی راسپێردراو بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق، پەیوەندی بە بەرپرسانی ئەمریکا و سەرکردەکانی سوننە و سەرۆک هۆزەکانەوە کردووە و ویستی حکومەتەکەی نیشانداوە بۆ ئازادکردنی ناوچەکانی ئەو هۆزە عەرەبیانە لە دەستی داعش.
رووداو
