سەدر هۆشداری دەداتە حیزبەكەی مالیكی
موقتەدا سەدر لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند: "راسپاردنی حەیدەر عەبادی، كاندیدی هاوپەیمانی نیشتمانی شیعە بۆ پێكهێنانی حكومەتی داهاتووی عێراق نیعەمەتێكی خواوەندە و یەكەم هەنگاوی ئەرێنییە لە پرۆسەی سیاسی و دەبێ هەمووان هاوكار بن بۆ سەرخستنی و هەینی داهاتووش ئاهەنگی بۆ بگێڕن".
رابەری رەوتی سەدر هاوكات داوای لە حیزبی دەعوەی ئیسلامی بە سەرۆكایەتی نووری مالیكی كرد، "لە ئاستی بەرپرسیارێتی مێژوویی بن و پەنا بۆ تووندوتیژی نەبەن".
موقتەدا سەدر ئاماژەی بەوەشدا، كە "راسپاردنی حەیدەر عەبادی كۆتایی بە گەورەترین قەیرانی عێراق دەهێنێ، كە گەلی عێراق بەدەستییەوە دەناڵێنن. ئەم دەستكەوتەش دەرئەنجامی یەكگرتن و هەماهەنگی كورد، سوننە و شیعەیە لە عێراق".
رۆژی دووشەممە 11.8.2014، فوئاد مەعسوم، سەرۆككۆماری عێراق، حەیدەر عەبادی، كاندیدی هاوپەیمانی نیشتمانی شیعە بۆ پێكهێنانی حكومەتی داهاتووی عێراق راسپارد، بەڵام مالیكی ئەو هەنگاوەی بە تووندی رەتكردەوە و بە نادەستووری ناوبرد.
رووداو
