سەرۆككۆمارو سەرۆكی پەرلەمان لەگەڵ فراكسیۆنەكانی پەرلەمانی عێراق كۆدەبنەوە

 سەرۆككۆمارو سەرۆكی پەرلەمان لەگەڵ فراكسیۆنەكانی پەرلەمانی عێراق كۆدەبنەوە
سەركردەیەكی رەوتی چاكسازی كە ئیبراهیم جەعفەری سەرۆكایەتی دەكات رایگەیاند سەرۆككۆمارو سەرۆكی پەلەمان لەگەڵ سەرۆك فراكسیۆنەكانی نێو پەرلەمانی عێراق لە كۆبوونەوەی بەردەوامدان بۆ یەكلاییكردنەوەی گەورەترین فراكسیۆنی پەرلەمان و كاندیدكردنی كەسێك بۆ پۆستی سەرۆك وەزیرانی داهاتووی عێراق.

تەوفیق كەعبی، سەركردە لە رەوتی چاكسازی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: فوئاد مەعسوم سەرۆككۆماری عێراق و سەلیم جبوری سەرۆكی پەرلەمان و سەرۆك فراكسیۆنەكانی نێو پەرلەمان لە كۆبوونەوەی بەردەوامدان بۆ دیاریكردنی گەورەترین فراكسیۆنی نێو پەرلەمان و پێشكەشكردنی كاندیدێك بۆ پۆستی سەرۆك وەزیرانی داهاتووی عێراق.

هەروەها تەوفیق كەعبی پێشبینیكرد "هەر ئەمڕۆ پێنجشەممە 7/8/2014 دوای كۆتاییهاتنی ئەو كۆبوونەوەیە كاندیدی سەرۆك وەزیرانی داهاتوو یەكلایی بكرێتەوەو دواتریش لەلایەن سەرۆككۆمارەوە بۆ پێكهێنانی حكومەتی داهاتووی عێراق رابسپێردرێت.

زۆربەی لایەنە سیاسییەكانی عێراق بەتایبەتی رەوتی سەدرو ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامی دژی سێبارە كاندیدكردنەوەی نووری مالیكی سەرۆك وەزیرانی كاربەرێكەری عێراقن، هاوكات هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا پێداگیری لەسەر سێبارە كاندیدكردنەوەی نووری مالیكی دەكات بەو پێیەی خاوەنی زۆرترین كورسی و گەورەترین فراكسیۆنی نێو پەرلەمانە.








رووداو
Top