موسڵ.. گەنجان پەیوەندی بە بەرەی دژە داعشەوە دەكەن
واسف عەبدولحەمید یونس تائی، جێگری سەرۆكی بزووتنەوەی ئەفسەرانی ئازاد لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا گوتی: "بزووتنەوەی ئەفسەرانی ئازادو هۆزەكانی موسڵ رازی نابن شاری موسڵ ببێتە شوێنی گەشەكردنی تووندوتیژی مەزهەبی".
گوتیشی: "پێش بەشداریكردنیان لە شەڕی چەكدارانی داعش ئەو گەنجانەی پەیوەندییان بە بزووتنەوەكەوە كردووە مەشق و راهێنانی تەواویان لەسەر چۆنیەتی شەڕی شەقامەكان پێدەكرێت".
پێشتر بزووتنەوەی ئەفسەرانی ئازاد بەڵێنیاندا تۆڵەی رووخاندنی مەزاری پێغەمبەران لە چەكدارانی داعش بستێننەوەو كوشتنی هەموو ئەو زانا ئاینیانەشی حەڵاڵكرد كە لەگەڵ داعش هاوسۆزن.
عەبدولكەریم تائی، سەركردە لە بزووتنەوەی ئەفسەرانی ئازاد لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: "كوشتنی هەموو ئەو زانا ئاینیانەمان حەڵاڵكردووە كە لەگەڵ داعش هاوسۆزن و لە گوتاری هەینی پشتگیرییان دەكەن".
گوتیشی: "زیاتر لە 50 وتاربێژ هەیە لە وتاری رۆژانی هەینی پشتگیری داعش دەكەن، بۆیە هاوشێوەی چەكدارانی داعش مامەڵەیان لەگەڵ دەكەین".
لە هەڵمەتێكدا چەكدارانی رێكخراوی داعش مەزاری پێغەمبەر یونس، شیت و دانیال و زیاتر لە 30 مەزارگەی دیكەیان لە نێو شارەكە تەقاندەوە.
رووداو
