مالیکی: دەبێ کاندیدی کورد بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار شیاوبێت

 مالیکی: دەبێ کاندیدی کورد بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار شیاوبێت
نووری مالیكی، سەرۆك وەزیرانی كاربەڕێكەری عێراق ئەمڕۆ چوارشەممە وتاری هەفتانەی خۆی پێشكەشكردو تێیدا باسی لە بارودۆخی سیاسی و ئەمنی عێراق كرد.

نووری مالیكی لەمیانی وتارەكەیدا بەگژ ئەو لێدوانانەدا چووەوە كە باس لە دابەشبوونی عێراق دەكەن و گوتی "بیرۆكەی دابەشبوونی عێراق بەهیچ شێوەیەك سەرناگرێت، ئەگەر سەریش بگرێت تەنیا جوگرافیای وڵات دابەش نابێت، بەڵگو سامان و گەلەكەشی دابەش دەبێت".

مالیكی داواشی لە وڵاتانی جامیعەی عەرەبی و دراوسێكانی عێراق كرد، كە دژی دابەشبوونی عێراق بووەستنەوەو رووی قسەكانی كردە ئەوان و گوتی "ئەگەر وانەكەن و دابەشبوونی عێراق سەربگرێ، ئەوا ئاگری دابەشبوون هەموو ئەو وڵاتانەی دیكەش دەگرێتەوە كە زیاتر لە نەتەوەیەك و مەزهەبێكی تێدایە".

مالیكی باسی لە پۆستەكانی حكومەت كرد و هۆكاری ئەوەی كە زۆرترین پۆستی وەزاری ئێستا بەوەكالەت بەڕێوەدەبرێن گوتی "هۆكارەكەی ئەوەیە كە هاوبەشە سیاسییەكانمان ئامادە نین لەگەڵمان رێكبكەون".

نووری مالیكی ئاماژەی بە پێكهێنانی دەستەی سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق كرد‌و گوتی "دەبێ بەزووترین كاتیش سەرۆك كۆماری عێراق هەڵبژێردرێت، کە پێموایە 15 رۆژی ماوە".

مالیكی لەبارەی ئەو پۆستەوە بە ئاشكرا یەكلاییكردەوە كە بۆ كورد دەبێت، بەڵام ئەو پێشمەرجی بۆ كاندیدەكەی كورد راگەیاند و گوتی: "دەبێ كەسێكی شیاوبێت و رێز لە دەستوور و یەكپارچەیی خاكی عێراق بگرێت و دژی دابەشكردنی خاكی عێراق بێت، ئەگینا تووشی كێشە دەبین".







رووداو
Top