ئەیاد عەللاوی: عێراق هەر دابەشدەبێت

 ئەیاد عەللاوی: عێراق هەر دابەشدەبێت
ئەیاد عەللاوی، سەرۆكی كوتلەی وەتەنییە لە پەرلەمانی عێراق، دەڵێت "عێراق چووەتە تونێلی دابەشبوون و بەهۆی كەڵەكەبوونی هەڵەكانی سیاسەتی تایفی، كە نو‌وری مالیكی پەیڕەوی كردووە، عێراق هەر دابەش دەبێت".

لە دیمانەیەكی كەناڵی جەزیرەی قەتەری، عەللاوی گوتی "تارمایی دابەشبوون گەیشتووەتە عێراق و هیچ چارەیەك نییە، دەبێت هەڵوێستی یەكلاكەرەومان هەبێت بۆ گێڕانەوەی ئارامی و ئاسایش و پێشگرتن لە تێكچوونی زیاتری بارودۆخی عێراق".

عەللاوی ئاماژەی بەوەشكرد، كە گۆڕەپانی سیاسی عێراق "لە سایەی مالیكی" بەتەواوەتی شێواوە‌و پێیوایە ئەو دابەشبوونە كۆمەڵایەتییەی ئێستا هەیە سەر دەكێشێت بۆ جیابوونەوەی جوگرافی.

بە بڕوای عەلاوی، هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی پەرلەمان، كە هەموو لایەك پێوەی خەریكبوون، هیچ لە بارودۆخەكە ناگۆڕێت، بەڵكو ئەوەی زیاتر پێویست بوو گفتوگۆی لەسەر بكرێت، نەخشە رێگایەك بوو بۆ دەربازكردنی ئەو بارودۆخە و گێڕانەوەی ئاسایش و ئارامی بۆ عێراق.

عەللاوی گەشبین نییە بە پرۆسەی سیاسی عێراق و دەڵێت "بەرپرسیارییەتی لە عێراق هێندە جێگای شكۆمەندی نییە، هێندەی بووەتە ئامرازی دابەشكاری تائیفی لە عێراق". ئەو رەخنەی لە ئەمریكا گرت و گوتی "ئەمریكا تەنیا رژێمی نەڕووخاند لە عێراق، بەڵكو دەوڵەتیشی خست و سیاسەتی وەلانان و پەراوێزخست ‌و دواتریش ئەو ناكۆكییە تائییفییەی بەدوای خۆیدا هێنا".

عەللاوی هەروەها گوتی "پلانی دانیشتنی سەركردەكان بۆ دیاریكردنی نەخشە رێگای دەربازبوون، رەزامەندی جامیعەی عەرەبی و بارزانی و سەدر و نوجێفی لەسەر بوو، تەنیا مالیكی نەبێت".










رووداو
Top