پرۆسەی دەنگدان دەستی پێ کرد.. سەلیم جبووری و شرووق ئەلعەبایچی کاندیدی پۆستی سەرۆکی پەرلەمانن
لەو کۆبوونەوەیەدا کە سەرۆکوەزیرانی کاربەڕێکەریش ئامادەیە، لە لایەن سەرۆکی کاتیی پەرلەمان داوای کرد ئەوەی کە مافی دەنگدانی نییە هۆڵەکە جێ بهێڵێ و تەنیا ئەوانەی کە مافی دەنگدانیان هەیە، لە هۆڵی پەرلەماندا بمێننەوە، ئەم پرسە جۆرێک لە مشتومڕی لە نێو هۆڵی پەرلەمان ناویەوە و پاش ماوەیەک، پرۆسەی دەنگدان دەستی پێ کرد کە بۆ بردنەوەی سەرۆکی پەرلەمان 165 دەنگ پێویستە.
بەر لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمان، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق(ئەشواق جاف) باوەڕی وا بوو کە، دانیشتنی ئەمرۆی ئەنجوومەنی نوێنەران پۆستەكان یەكلا ناكاتەوە، چونکە لایەنە سیاسییەكان هێشتا بۆ یەكلاكردنەوەی پۆستەكان ڕێک نەکەوتوون.
ڕایشیگەیاند، پۆستی جێگری سەرۆكی پەرلەمان دەدرێت بە كاندیدێكی كورد ئەویش (ئارامی شێخ محەممەد)-ە، كە لەسەر بنەمای گفتوگۆی و لێكگەیشتن دانراوە هەروەك ئەوەی لە كۆبوونەوەی سەرۆكی هەرێم جەختی لەسەر كرا.
ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق(ئەشواق جاف) بۆ KDP.infoگوتی: "لە دانیشتنی پێشووی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ نوێنەرانی كورد لە بەغدا جەخت لەسەر یەكهەڵوێستیی كورد كرایەوە، ئێستایش پۆستی جێگری سەرۆكی پەرلەمان دەدرێت بە كاندیدێكی كورد ئەویش (ئارامی شێخ محەممەد)-ە، كە لەسەر بنەمای گفتوگۆی و لێكگەیشتن دانراوە هەروەك ئەوەی لە كۆبوونەوەی سەرۆكی هەرێم جەختی لەسەر كرا، ئێمە وەكو كورد گرفتمان لەسەر پۆستەكانی بەغدا نییە و لەسەر بنەمای هەڵبژاردن دابەشیان دەكەین."
لەبارەی یەكلاكردنەوەی پۆستەكانی دیكەی عێراق وەك سەرۆكی حكوومەت و جێگری سەرۆكی حكوومەت و وەزارەتەكان گوتی: "دیاریكردنی كەسێك بۆ سەرۆكوەزیران گرفتە و ئەمڕۆ لە پەرلەمان یەكلا ناكرێتەوە، لە هەمان كاتدا سەرۆكی پەرلەمانیش یەكلا نەكراوەتەوە و سوننەكان لەناو خۆیاندا لەسەر ئەو پۆستە ڕێكنەكەوتوون و، بەپێی دەستوور ئەم پۆستانە یەك پاكێج نین، ئەمەش وا دەكات هێزەكان نەتوانن لە یەك خاڵدا كۆ ببنەوە و پێویستی بە ڕێكکەوتنی سیاسی هەیە."
گوتیشی: "كارنامەی ئەمڕۆی پەرلەمان تەوەرە یەكەم: سوێندخواردنی ئەو ئەندامانەی لە دانیشتنی ڕابردوو ئامادە نەبوون، دووەم هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمانە."
