عێراق گرێبەستی كڕینی چەك لەگەڵ چەندین كۆمپانیا واژۆدەكات

 عێراق گرێبەستی كڕینی چەك لەگەڵ چەندین كۆمپانیا واژۆدەكات
بە مەبەستی گفتوگۆكردن لەبارەی واژۆكردنی چەند گرێبەستێكی تایبەت بە بەهێزكردنی سیستمی بەرگریی ئاسمانی و بە ئامانجی رووبەڕووبوونەوەی هێرشی گرووپە چەكدارەكان لە عێراق بەتایبەتیش لە پارێزگاكانی باكوور، حكومەتی عێراق چەند شاندێكی رەوانەی ژمارەیەك وڵات كردووە.

تۆڕی هەواڵی (CNN) لە سەرچاوەیەكی نو‌وسینگەی فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكان گواستو‌ویەتییەوە: "حكومەتی عێراق گرێبەستی دامەزراندنی سیستمی بەرگری ئاسمانی و مو‌وشەكی نوێ و پێشكەوتو‌وی لەگەڵ چەند كۆمپانیایەكی تایبەت بەم بوارە واژۆكرد‌ووەو ئێستاش چاوەڕێی وەرگرتنی ئەو چەكانە دەكات".

هەورەها سەرچاوەكەی نووسینگەی تایبەتی فەرماندەی هێزە چەكدارەكانی عێراق گەیشتنی بڕێك چەك و تەقەمەنی و پێداویستی سەربازی ئاشكراكردووەو دەشڵێت "ئەو چەكانە بەشێكن لەو گرێبەستانەی عێراق لەگەڵ چەند وڵاتێك واژۆی كردوون".

دەمێكە عێراق چاوەڕێی گەیشتنی چەك و تەقەمەنی ئەمریكی دەكات كە فڕۆكەی جەنگیش لەخۆ دەگرێت، بەڵام رەوشی سیاسی واشنتن و بەغدا هۆكاری دواكەوتنی رادەستكردنی ئەو چەكانەیە كە عێراق لە ئەمریكای كڕیون، هاوكات بە مەبەستی بەهێزكردنی سیستمی بەرگریی ئاسمانی بەم دواییانە رووسیا چەند فڕۆكەیەكی جەنگی داوەتە عێراق.




رووداو
Top