بۆ یەكەم جار شیعەیەك نوێنەرایەتی عێراق دەكات لە كۆمكاری عەرەبی

 بۆ یەكەم جار شیعەیەك نوێنەرایەتی عێراق دەكات لە كۆمكاری عەرەبی
بڕیارە حوسێن شەهرستانی، وەزیری دەرەوەی عێراق بە وەكالەت ئەمڕۆ بەشداریی كۆبوونەوەی لە ناكاوی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی عەرەبی بكات لە بارەی پێشهاتەكانی هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر كەرتی غەززەی فەڵەستین.

بەپێی بەیاننامەیەكی كۆمكاری عەرەبی، حوسێن شەهرستانی كە هاوكات جێگری سەرۆك وەزیرانی كاربەڕێكەری عێراقە بۆ كاروباری وزە و بە دەستە راستی نو‌وری مالیكی دەناسرێ و شیعە مەزهەبە، بە سەرۆكایەتی شاندێكی عێراق بەشداری لە كۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی عەرەبی دەكات.

كۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی عەرەبی لەسەر داوای وڵاتی كوەیت ئەنجامدەدرێ بەوپێیەی كوەیت سەرۆكی ئەم خولەی كۆمكاری عەرەبییە و بڕیارە ئەمڕۆ لە شاری قاهیرە بەڕێوەبچێ، چەند سەرچاوەیەكی میسریش پێشبینی دەكەن عەبدولفەتاح سیسی، سەرۆكی میسر پێشوازی لە حوسێن شەهرستانی بكات.

بەپێی میدیا جیهانییەكان بەهۆی بۆردوومانی سوپای ئیسرائیل بۆسەر كەرتی غەززەی فەڵەستین تاوەكو ئێستا زیاتر لە 100 فەڵەستینی كوژراون و بە سەدان كەسی دیكەش برینداربوون.

ئەوە یەكەمجارە لە پاش رووخانی رژێمی پێشووی عێراق لە ساڵی 2003وە كەسایەتییەكی شیعە نوێنەرایەتی عێراق دەكات لە كۆمكاری عەرەبی كە چەند وڵاتێكی كاریگەر لەخۆدەگرێ دیارترینی ئەو وڵاتانەش سعودییەیە، كە بە بەرهەڵستكاری دەسەڵاتی شیعە دەناسرێ لە عێراق.









رووداو
Top