عەبدولسەلام مالیکی: پێویستە وەک تیرۆر مامەڵە لەگەڵ کورد بکرێت

 عەبدولسەلام مالیکی: پێویستە وەک تیرۆر مامەڵە لەگەڵ کورد بکرێت
مالیکی رایدەگەیێنێ سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، رووی راستەقینەی خۆی ئاشکراکرد و دەبێت وەک تیرۆر مامەڵە لەگەڵ کورد بکرێت.

عەبدولسەلام مالیکی، پەرلەمانتاری دەوڵەتی یاسا بە سەرۆکایەتی نووری مالیکی لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، کشانەوەی وەزیرانی کورد لە حکومەتی عێراق، بە فەرمی راگەیاندنی نەهێشتنی هاوبەشیی و دوژمنایەتی تەواوی پرۆسەی سیاسییە، دوای ئەوەی بەوەتۆمەتبارکران کە ئامانجی خۆیان بە دەستهێناوە لە دەستگرتن بەسەر چەندین شوێن، ئەمەش بە قۆستنەوەی ئەو رەوشە ئەمنییەی کە بەم دواییانە روویاندا".

عەبدولسەلام ئاماژە بەوەدەکات، کە سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، رووی راستەقینەی خۆی ئاشکراکرد و هیچ گومانێکی نەهێشتووە، کە پاڵپشتی یەکەم و پەناگەیە بۆ تیرۆریست و بەعسییەکان.

ئەو پەرلەمانتارەی دەوڵەتی یاسا دەڵێت، ئەوەی مامەڵە لەگەڵ ئیسرائیل بکات و نەوتی عێراق بۆ خۆی بفرۆشێت و بە ئاشکرا ئامانجی جیابوونەوەی لە نیشتمان دەربڕێت، هیچ شتێکی خێر و چاکەیان بۆ وڵات ناوێت.

مالیکی پێشیوایە پێویستە چۆن مامەڵە لەگەڵ تیرۆر دەکرێت، "بەهەمان شێوە مامەڵە لەگەڵ کورد بکرێت، لە بەرئەوەی هەر کەسێک داڵدەی تیرۆریستان بدات، ئەوا پشتگیری لە تیرۆر دەکات".

عەبدولسەلام مالیکی سەرسووڕمانی خۆشی لە هەڵوێستی هەندێ لایەنی سیاسی دەربڕی لە بەرامبەر هەڵوێستەکانی کورد و داوای لە هەموو لایەنەکان کرد، کە هەڵوێستی راستەقینەی خۆیان رابگەیێنن لە بەرامبەر هەڵسوکەوتەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، کە ئایا رازین لەسەر ئەو شێوازە و مامەڵەی هەرێمی کوردستان، تاوەکو گەل بە باشیی بزانێت کێ خێری بۆی دەوێت و کێ تەنیا بە دوای بەرژەوندییەکانی کەوتووە.






رووداو
Top