هەڵگری پاسپۆرتی داعش لێپێچینەوەی یاسایی لە گەڵ دەکرێت
سەعید مەموزینی، بەرپرسی مەكتەبی راگەیاندنی لقی ١٤ی پارتی دیموکراتی کوردستان بە ئاژانسی هەواڵی پەیامنێری راگەیاند؛ دوای کشانەوەی سوپای عێراق لە شاری موسڵ و قەزای تەلەعفەر، سەرجەم دامودەزگا حکومییەکان کەوتە ژێر دەسەڵاتی چەکدارانی داعش.
بە وتەی مەموزینی گرووپی دەوڵەتی ئیسلامی عێراق و شام(داعش) دەستیان بە دروستکردنی پاسپۆرتێکی تایبەت بە شاری موسڵ کردووە.
بەرپرسی مەكتەبی راگەیاندنی لقی ١٤ی پارتی دیموکراتی کوردستان گووتی: بڕیاری داعش بۆ دروستکردنی پاسپۆرت، پێچەوانەی یاسا و رێنمایەكانی وەزارەتی ناوخۆی عیراقە و هەڵگری پاسپۆرتی داعش لێپێجێنەوەی یاسایی لە گەڵ دەکرێت.
سەعید مەموزینی گووتی: وەزارەتی ناوخۆ بۆ ڕێگرتن لە مامەڵە کردن بەو پاسپۆرتە چەند فەرمان و رێوشوێنێكی دەرکردووەو پۆلیسی ئەنتەرپۆلیش ئاگادار کراوەتەوە.
بەرپرسی مەكتەبی راگەیاندنی لقی ١٤ی پارتی دیموکراتی کوردستان باسی لەوەشکرد، وەزارەتی ناوخۆی عیراق سەرجەم دەزگا ئەمنی و بازگە سنورییەکانی ئاگادار کردۆتەوە ڕێگە لە کار پێکردنی بەو پاسپۆرتە بگیرێت و داوای لە هاوڵاتییانیش کردووە هاوکاری دەزگا ئەمنییەکان بکەن.
سەعید مەموزینی ڕایگەیاند؛ هەڵگری پاسپۆرتی گروپی دەولەتی ئیسلامی عێراق و شام(داعش) لە هەر ووڵات و فرۆكەخانەیەک بێت، دەستبەجێ دەستگیر دەكرێت و لێپێچینەوەی یاسایی لە گەڵ دەکرێت.
