شەڕی داعش و سوپای عێراق لە تكریت بەردەوامە

 شەڕی داعش و سوپای عێراق لە تكریت بەردەوامە
ئەندامێكی كوردی ئەنجوومەنی پارێزگای سەڵاحەدین رایگەیاند، شەڕ و پێكدادن لەنێوان چەكدارانی دەوڵەتی ئیسلامی و چەكدارەكانی سوننە و سوپا و هێزە ئەمنییەكانی عێراق لە دەوروبەری شاری تكریتی سەنتەری پارێزگای سەڵاحەدین بەردەوامە.

حەسەن محەممەد ئەحمەد، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سەڵاحەدین بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "شەڕوپێكدادن لە نێوان چەكدارانی دەوڵەتی ئیسلامی و چەكدارەكانی سوننە و سوپای عێراق لە دەوروبەری شاری تكریتی سەنتەری پارێزگای سەڵاحەدین بەردەوامە و سوپا لە سەربازگەی سپایكەر و باڵەخانەی زانكۆی تكریتەوە هێرش دەكاتە سەر چەكداران".

حەسەن محەممەد گوتیشی "سوپای عێراق هاوكات ناوچەكانی عۆجە و عوێناتی سەر بە پارێزگای سەڵاحەدین و پاڵاوگەی بێجی كۆنترۆڵ كردووە، بەڵام چەكدارانی دەوڵەتی ئیسلامی و چەكدارە سوننەكان هێشتا شاری تكریت و شارۆچكەی بێجییان بەدەستەوەیە".

ئەو ئەندامە كوردەی ئەنجوومەنی پارێزگای سەڵاحەدین ئاماژەی بەوەشدا، كە لە دیوی شارۆچكەی خورماتوو هێزەكانی پێشمەرگە لە ناوچەی مەلعەبی پشتەوەی گوندی سەلامەوەن، كە دەكەوێتە سەر رێگەی نێوان خورماتوو و تكریت.
حەسەن محەممەد زیاتر گوتی، چەكدارانی داعش و چەكدارانی سوننە لە گوندەكانی سەلام و یەنگیجە سەنگەریان بەستووە، لەكاتێكدایە یەنگیجە تەنها 5 كیلۆمەتر لە خورماتوو دوورە.

ئەمە لەكاتێكدایە چەكدارانی رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی و چەكدارە سوننەكانی شاری موسڵ و چەند ناوچەیەكی پارێزگای نەینەواو سەنتەری پارێزگای سەڵاحەدین و چەند ناوچەیەكی ئەو پارێزگایەیان كۆنترۆڵكردووە، جگە لە چەند ناوچەیەكی پارێزگاكانی ئەنبار و كەركووك و دیالە.







رووداو
Top