عەلی حاتەم: تاوەكو مالیكی لە دەسەڵات بێت شەڕی داعش ناكەین
عەلی حاتەم سلێمان، سەرۆكی هۆزەكانی دلێم دەڵێت: "هەركاتێك بمانەوێ دەتوانین شەڕی داعش بكەین، بەڵام ئێستا لەپێناو خاك و هۆزەكەمان دەجەنگین، هەركاتێكیش داواكانمان جێبەجێكراو ستەم لەسەر پێكهاتەی سوننە هەڵگیرا دەتوانین كۆتایی بە رۆڵی داعش بێنین، ئەگەر نووری مالیكیش دەسەڵات بەجێنەهێڵێ ئەوە هەزاران چەكدار بەرەو شاری بەغدا دەنێرین".
دەشڵێت: "ئێستاش دەتوانین عێراقێكی یەكگرتوو پێكبێنین بە مەرجێك دەستوور هەمواربكرێتەوەو مالیكیش لە دەسەڵات نەمێنێ، ئێمە بە شێوەیەكی ئاشتییانە داوای مافەكانی خۆمان كرد، بەڵام مالیكی بە تیرۆریست هەژماری كردین".
یەكێك لە سەرۆك هۆزە چەكدارەكانی سوننە، كە نەیویست ناوی ئاشكرابكرێت گوتی: "ناكرێت بەبێ هاوكاریی ئێمە داعش لەناو ببرێت، بەتایبەتی دوای ئەوەی چەكدارانی داعش لە رووبەڕووبوونەوەكانیان لەگەڵ سوپای عێراق دەستیان بەسەر بڕێكی زۆری چەك و تەقەمەنی ئەمریكیدا گرتووە".
ئەم لێدوانانە لەكاتێكدایە كە رێكخراوی داعش ناوی خۆی لە رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام (داعش) بۆ (دەوڵەتی ئیسلامی) گۆڕیوەو ئەبو بەكر بەغدادیشی وەكو خەلیفەی موسوڵمانانی جیهان ناساندووە.
رووداو
