"سەدام بە بارزانی گوتبوو: كەركووك شارێكی كوردییە"
لە وتارەكەدا شەربل باسی چیرۆكی دیداری یەكەمی مەسعود بارزانی و سەدام حوسێن دەكات لەدوای ساڵی 1991و دەڵێ "لەو دیدارەدا سەدام بە بارزانی گوتووە ئێمە ئینكاری ئەوە ناكەین كە كەركووك شارێكی كوردییە".
وەك شەربل باسی دەكات، كە سەرەتا چایچییەكە چای بۆ هەریەك لە سەدام و بارزانی داناوە، سەدام چایەكەی ئاڵوگۆڕ كردووە وەك پیشاندانی نیازپاكی بۆ بارزانی كە چایەكەی ئەو ژەهری تێدا نەبووە.
سەدام بەو جۆرە دەست بە گفتوگۆكە دەكات "دەزانم تۆ بڕیارێكی سەختت داوە"، كە مەبەستی لە هاتنی بارزانی بووە بۆ بەغدا. لە وەڵامدا مەسعود بارزانی پێیگوتووە "هەرچەندە من بە مەلەوانی بە دەریایەك لە خوێندا هاتووم، ئەگەر هەلێك هەبێت بۆ ئاییندەیەكی باشتر، ئەوە ئامادەییم تێدایە". مەبەستی بارزانی خوێنی قوربانییانی كورد بووە لە ئەنفال و هەڵەبجە و بارزانییەكان.
دواتر سەدام بە بارزانی گوتووە "ئێمە ئینكاری لەوە ناكەین كە كەركووك كوردییە، بەڵام ئامادە نین كەركووكتان بدەینێ، چونكە بنەمایەكی ئامادەیە بۆ دروستكردنی دەوڵەتی كوردی، بۆیە هەموو شتێك دەدەین، كەركووك نەبێت".
شەربل دەڵێت سەردەمانێكە نەك حكومەتەكانی بەغدا واز لە كەركووك دێنن، نە كوردیش ئامادەن دەستی لێهەڵگرن، چونكە بۆ كورد كەركووك تەنها سامانی نەوت نییە، بەڵكو زرنگانەوەیەكە لە ویژدانی كورددا هەیە، كە هاوشێوەی قودسە بۆ فەڵەستینییەكان.
شەربل دەشڵێت "مالیكیش لە دڵی خۆیدا هەمان بۆچوونی سەددامی هەیە و دەزانێت كەركووك كوردییە و لە ئێستاوە ئەنجامی ریفراندۆم لەسەر چارەنووسی كەركووك روونە، بۆیە هەردەم ماددەی 140 ی دەخستە سەللاجەوە، وەك ئەو كەسەی كاسە ژەهرەكە لە لێوی دوور دەخاتەوە. مالیكی هەوڵیدا باسكی كوردستان بابدات، دواتر ویستی باسكی سوننەكان بابدات، دواتر هەردووكیانی لەدەستدا و داعش پەیدابوو، سوپای عێراق لە ناوچە كێشە لەسەرەكان داڕوخا و پێشمەرگەش بۆ پاراستنی ناوچەكە، چووە ئەو ناوچانەوە، بارزانی بڕیاریداوە ئەو ریفراندۆمە لەو ناوچانە ئەنجام بدات، كە دەبوو مالیكی ئەنجامی بدات".
شەربل نووسیویەتی "مالیكی هەستی بە گرنگیی چەند كاركەرێكی گرنگ نەدەكرد، لەوانە سەرنجڕاكێشیی ئەو پێشكەوتنەی هەرێمی كوردستان پێیدا تێپەڕ دەبێت بۆ كوردی ناوچە كێشە لەسەرەكان، هەڵوێستی نوێی ئەردۆغان كە ئیدی زەمانی نكوڵیكردن لە مافی كوردستان بەسەرچوو، هەروەها هەوڵەكانی مەسعود بارزانی بۆ هاندانی ئەردۆغان بۆ هەڵدانەوەی لاپەڕەیەكی نوێ لەگەڵ ئۆجەلان و كوردانی توركیا، لەمەدا بارزانی لە پێشەنگانی ئەو هەوڵانە بووە".
شەربل هەروەها دەڵێت: "زۆردار وا دەزانێت بە زۆردارییەكەی نەخشەكەی دەپارێزێت، ئەوە لەبیر دەكات كە ستەمكاری و پەراوێزخستن نەخشەكە دەگۆڕن بە زیندان و هانی كەمینەكان دەدەن لە نەخشەكە هەڵبێن. لە بەرژەوەندی كورد نییە عێراقێكی دەوڵەمەند بەجێ بهێڵن، ئەگەر ئەو عێراقە دیموكرات و فیدراڵی بێت و كورد تێیدا هاوبەشی راستەقینە بن. چیرۆكی كەركووكیش شایستەی هەڵوەستە لەسەركردنە. دەبێ دەوڵەتەكانی ناوچەكەش بزانن نەخشەكانی ناوچەكە پێویستییان بە چاكسازییەكی هەمیشەیی هەیە كە لەسەر بنەمای هاوبەشێتی و ئینساف بێت".
شەربل بەمجۆرە كۆتایی بە وتارەكەی دەهێنێت: "نابێت فەرمانڕەوا بڵێت: هەموو شت جگە لە كەركووك. بەڵكو دەبێت هەر زوو ژەهری هاوبەشێتی هەڵقوڕێنێ، تا پارێزگاری سنوورەكەی بكات".
رووداو
