ئیئتیلافەکەی عەللاوی بەشداری یەکەم دانیشتنی پەرلەمان ناکات
حاتەم حەتاب، ئەندامی ئیئتیلافی هاوپەیمانی وەتەنییە بە سەرۆکایەتی ئەیاد عەللاوی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە شاری بەغدا رایگەیاند، تاوەکو ئێستاش لە پرۆسەی سیاسیدا هەمان هەڵەکان دووبارەدەبنەوە کە لە دابەشکردنی پۆستەکان پشت بە دابەشکاری تائیفی دەبەسترێت و چاوەڕێی بڕیاری یەکلاییکرەوەی وڵاتانی دراوسێ دەکرێت، کە ئەمەش دوورە لە بەرژەوەندی گەل و داواکارییەکانی خەڵک.
ئەندامەکەی هاوپەیمانی وەتەنییە ئاماژە بەوەدەکات کە لە سۆنگەی یەکێتی عێراق و گەلەکەی و وەڵامدانەوەی بۆچوونی مەرجەعە ئاینییەکان و داواکاری رەواکانی گەل، هاوپەیمانی وەتەنییە بڕیاریداوە بەشداری یەکەم دانیشتنی پەرلەمان نەکات.
حاتەم حەتاب دەڵێت مەرجی ئیئتیلافەکەیان بۆ بەشدارییکردن لە دانیشتنەکەی پەرلەمان ئەوەیە کە هەموو هێزە سیاسییەکان بەشداربن لە دانانی نەخشە رێگایەک بۆ وڵات و بەهانای ئەو رەوشە ناهەموارە بچن، بەپێی ئەو دەستپێشخەرییەی کە ئیئتیلافی وەتەنییە پێشکەشی کردووە کە لەسەر بنەمای هاووڵاتیبوونە لە ئیدارەی دەوڵەت، کە دووربێت لە ئینتیمای تائیفی و نەژاد پەرستی.
رووداو
