ئەمریكا یەكەمین بۆردومانی بۆ سەر عیراق دەستی پێكرد
بە پێی هەواڵێكی تۆڕی هەواڵی(بی بی سی)بە پێی سەرچاوەیەكی نزیك لە سەرۆك وەزیرانی عیراقەوە، فرۆكە بێ فرۆكەوانەكانی ئەمریكا لەناوچەی قائیم كە سنوری نێوان عیراق-سوریایە مۆڵگەكانی داعشیان بۆردومان كردووە.
هەفتەی رابردوو، سەرۆك كۆماری ئەمریكا رایگەیاند" چەند بۆردومانێكی سنوردار بۆ سەر چەكدارانی داعش ئەنجام دەدەن كە دەستیان بەسەر چەند شارێكی عیراق گرتووە."
لە لایەكی دیكەشەوە، راپۆرتەكان ئاماژەیان بەوەداوە، چەكدارانی دەوڵەتی ئیسلامی لە عیراق و شام توانیویانە یەكێك لە گەورەترین پاڵێوگەكانی عیراق كە پاڵێوگەی بێجیە بگرن.
ئەمرۆش، بە پێی هەواڵێكی پێگەی ئەلیكترۆنی(یوم ئەلسامن) فەریقی روكن حامد مالیكی فەرماندەی هێزی فڕۆكەوانی سوپای عیراق رایگەیاند" فڕۆكە جەنگیەكانی عیراق توانیان 13 ئۆتۆمبیلی داعش بە چەكدارەكانی ناوییەوە بسوتێنن، ئەو بۆردومانەش لە دەوروبەری پاڵێوگەی بێجی باكوری تكریت بووە."
وتیشی، ئەو بۆردومانانە بەردەوام دەبێت تاوەكو سەرجەم مۆڵگەكانی داعش بكرێنە ئامانج.
خەندان
