جۆن كێری هۆشدارییەکی تووندی دایە شیعه‌كان و به تایبه‌ت نوری مالکی
ئاژانسی ئه‌سۆشێیتد پرێس بڵاویكردەوە، كۆبوونه‌وه‌ی نێوان جۆن كێری و نوری مالیكی كاتژمێریك و ١٣ خووله‌كی خایاندوه و له دوای كۆبوونه‌وه‌كه‌ش، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا ئاماژه‌یداوه كۆبوونه‌وه‌كه‌یان باش بووه.
ئه‌سۆشێیتد پرێس له سه‌ر زاری چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌ك ئەوەی ئاشکرا کرد کە نوری مالیكی له كۆبوونه‌كه‌دا داوای له جۆن كێری كردووه، ئه‌مه‌ریكا لە هێرشی ئاسمانی بۆ سه‌ر مۆڵگه‌كانی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی له عێراق و شام (داعش) پشتیوانی عێراق بكات.
هه‌ر به‌قسه‌ی سه‌رچاوه‌كان، كێری گوتوویەتی، ئه‌م كاره پێویستی به وریایی و ورده‌كاریی زۆر هه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی گره‌نتی هه‌بێت كه له كردهكاندا زیان به خه‌ڵكی مه‌ده‌نی نه‌گات.
جۆن کێری له سه‌ردانه‌كه‌ی دوێنێی بۆ بەغدا چاوی بە هۆشیار زێباری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عێراق و عه‌مار حه‌كیم سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی باڵای ئیسلامی عێراق و ئوسامه نوجێفی سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق کەوت.
وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی ڕایگەیاند؛ " گه‌ر هاتوو سه‌ركرده عێراقییه‌كان هه‌نگاوی پێویست بۆ یه‌كگرتوویی وڵاته‌كه‌یان هەڵێنن، ئه‌وا پاڵپشتییه‌كان ده‌چنه بواری پراكتیكیەوە".
ئه‌سۆشێیتد پرێس له راپۆرتهكە دا باس لەوە دەکات کە له ژێر رۆشنایی هه‌موو ئه‌و ره‌خنه و تێبینیانه‌ی ئه‌مه‌ریكا له‌مدوایه دا به‌رامبه‌ر به نوری مالیكی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق هەیبوو، سه‌ردانه‌كه‌ی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا بۆ عێراق به تایبه‌ت له باره‌ی دهستلهكاركشاندنهوهی مالیكی له پۆسته‌كه‌ی وه‌ك هه‌نگاوێك بۆ راگرتنی ئه‌و راپه‌ڕینه‌ی خه‌ریكه عێراق بەرەو هەڵوەشانەوە دەبات، شتێكی چاوه‌ڕوانكراو بوو.
