"زەرقاوی شیعە" گەڕایەوە بەغدا
بەپێی ئەو زانیارییانەی، كە لەسەر "ئەبودرع" هەن و لەماڵپەڕی عەرەبییە نێت باسكراون ئەو لە بنەڕەتدا ناوی ئیسماعیل حافیز ئەللامی-یە و تەمەنی 44 ساڵە، كەسێكی باڵا نزمە و ریشێكی رەش و تەنكی هەیە.
ماڵپەڕی عەرەبییە لەسەری دەنووسێت "وەك چۆن قژ بە سەرییەوە نییە، ئاواش مێشكی تێدا نییە". ئەو خاوەن پێشینەبووە لە تاوانكاریی بچووك و دواتریش بە گەورەبوونی تەمەنی تاوانەكانیشی گەورەتربوون.
"ئەبو درع" لە ساڵی 2006 لەكاتێكدا ئەبو مەسعەب زەرقاوی، سەرۆكی قاعیدە لە عێراق لە لوتكەی چالاكییەكانی بوو، ناوی " زەرقاوی شیعە"یان بەسەردا دا، بەڵام شوێنكەوتووانی پێیان باشتربوو ناوی "ئەبو درع" ی لێبنین و هۆكاری ئەم ناولێنانەشیان بۆ ژمارەی قوربانییەكانی دەگەڕاندەوە، لەبەرئەوەی هەركەسێك نێچیری ئەو بوایە كاتێك دەدۆزرایەوە كون و شوێنی درێلی كارەبایی بە جەستەیەوە دیاربووە.
كاتێك ئەبو درع ئەندامی جەیشی مەهدی سەركردەی سیاسی موقتەدا سەدربوو، لە كەسایەتییەكی ئاساییەوە بۆ ئەستێرەی یەكەم گۆڕا، لەگەڵ ئەوەشدا ناوی لەو لیستەدا نەبوو، كە حكومەتەكەی مالیكی لە 2ی تەمموزی ساڵی 2006 بڵاویكردەوە، كە ناوی 41 كەسی "تیرۆرست"ی تێدابوو.
وەكو چۆن حكومەتی ئەمریكی بە شوێن ئەبو مەسعەب زەرقاوی و لایەنگرەكانیەوە بوو، بەهەمانشێوە بەشوێن ئەندامانی جەیشی مەهدیشەوە بوو، دیارترین داواكراوەكانی جەیشی مەهدی ئەبو درع بوو، بۆیە هێرشێكی فراوانیان كردە سەر شاری سەدر، بەڵام ئەوان لە گرتنی ئەبو درع سەركەوتوونەبوون و لەو كاتەوەش هەواڵی كوشتنی لە رێگای ئۆتۆمبێلێكی بۆمبڕێژكراوەوە بڵاوبووەوە، كەچی دواتر وێنەیەكی بڵاوبووەوە، لەكاتێكدا لە یەكێك لە شارە ئێرانییەكان بوو.
لە دوای بڵاوبوونەوەی ئەو وێنەیە شوێنكەوتووانی موقتەدا سەدر رایانگەیاند ئەبو درع لەوان جیابووەتەوە و چیدیكە لەژێر فەرمانیان كارناكات.
رووداو
