قاسم عەتا: 7 داعشی بۆمبڕێژكراومان كوشتووە
فەریق قاسم عەتا، گوتەبێژی فەرماندەی هێزە چەكدارەكانی عێراق لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند هێزە ئەمنییەكان بەرپەرچی سەرجەم ئەو هێرشانەیان داوەتەوە، كە چەكدارانی داعش بۆ سەر پاڵاوگەی بێجی ئەنجامیانداوە. گوتیشی "ئەوەی لە هەندێك دەزگای راگەیاندن باسی لێوەدەكرێت لەبارەی نزیكبوونەوەی چەكدارانی داعش لە پاڵاوگەی بێجی راست نییە".
فەریق قاسم عەتا، ئاماژەی بەوەشكرد كە هێزە ئەمنییەكان تاوەكو ئێستا لە دەوروبەری قەزای قائیم-ی رۆژئاوای رومادی سەرقاڵی ئەنجامدانی كردەی سەربازین.
لە بارەی رەوشی قەزای تەلەعفەر، ناوبراو گوتی "زۆربەی ناوچەكانی سەر بە قەزای تەلەعفەر لە دەست هێزە ئەمنییەكاندایە". بە گوتەی قاسم عەتا، هێزەكانیان 37 چەكداری داعشیان كوشتووە، كە "حەوتیان پشتێنی بۆمبڕێژكراویان لە خۆبەستبوو لەو كاتەی هەوڵیانداوە دزە بكەنە نێو فڕۆكەخانەی تەلەعفەر".
رووداو
