تارق هاشمی بۆ سوننەكانی عێراق: داواكانتان تێكەڵی تووندڕەوی مەكەن
تارق هاشمی، جێگری لەكارلادراوی سەرۆك كۆماری عێراق، كە ئێستا لە توركیا نیشتەجێیە، بابەتێكی لە بە ناونیشانی "داعش.. چیرۆكێكە كۆتایی نایەت"، لە رۆژنامەی حەیاتدا بڵاوكردووەتەوە.هاشمی لە بابەتەكەیدا تێڕوانینی خۆی سەبارەت بە رووداوەكانی موسڵ و پارێزگا سوننەكانی دیكەی عێراق دەردەبڕێت و نووسیوویەتی "شۆڕشی ستەملێكراو و پەراوێزخراوانی موسڵ و بەدواشیدا رێكخراوی داعش، سەرگەردانبوون و ئاوارەبوونێكی زۆری خەڵكی لێكەوتەوە، ئەمڕۆ رۆژەڤی هەرە گەرمی ناوەندە سیاسی و میدیاییەكانی جیهانن".
هاشمی دەڵێت "ئەگەرچی پێشوازی لە داعش گەرم نییە، بەڵام لە عێراق و وڵاتانی دیكەشدا داعش هەیە و لەباوەشی هۆزەكاندایە". هاشمی دەڵێت "هێزی دیكەی كاریگەر لە گۆڕەپانی ململانێكەن، بەتایبەتی لە شەڕی ئەو دواییەی موسڵ، كە پەراوێزخراون و بە ئامانج دەویسترێت وا نیشانبدرێت، ئەوەی روودەدات ئەنجامی پەراوێزخستنی بەشێكی پێكهاتەی عێراق نییە، بەڵكو جووڵەی رێكخراوی داعشە".
هاشمی وێڕای باسی غیابی خۆی لە گۆڕەپانەكە، دەڵێت "لیستی تۆمەتەكان هێندە درێژە كۆتایی نایەت، واپێدەچێت داعش چیرۆكێكی بێ كۆتا بێت، بەڵام زۆر بە راشكاوانە، نیگەرانی من لە سەردەستەبوونی تیرۆرە لە هاوكێشەكەدا، كە ئێمە لەبەرامبەریدا دەستەوەستانین و خەریكە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە سایەیەوە داواكارییەكانی سوننە پشتگوێ دەخات و لەبیر دەباتەوە، ئێستاش كە دەرفەتەكە لەكیس نەچووە، تكا دەكەم ئامانجەكە تێكەڵی رەفتاری تووندڕەوی نەكەن".
رووداو
