"3 ملیۆن كەس بۆ شەڕی دژی داعش خۆیان ناونووس كردووە"
سەعد مەتلەبی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای بەغدا رایگەیاند: "بەپێی ئامارە سەرەتاییەكان ژمارەی خۆبەخشان لە زۆربەی پارێزگاكانی عێراق 3 ملیۆن كەسی تێپەڕاندووە".
لە پەراوێزی كۆنگرەی پشتگیریكردنی وڵات و پێكهێنانی لیوای كوردانی فەیلی عامر رەشید، سەرۆكی كۆمەڵەی ئاشتی كوردانی فەیلی گوتی: "دوای راگەیاندنی جیهاد دژی گرووپە چەكدارەكان لەلایەن مەرجەعی باڵای ئاینی لە پێناو بەرگریكردن لە خاكی عێراق، كوردانی فەیلی روویان لە بنكەكانی ناونووسكردن كردو لیوایەكیان پێكهێنا كە هەزار جەنگاوەر لەخۆدەگرێت".
دەشڵێ: "كوردانی فەیلی شمشێرێكی شەرعین بەدەست مەرجەعی ئاینییەوە بۆ پاراستنی بەغداو پارێزگاكانی دیكەی عێراق".
دوای كۆنتڕۆڵكردنی شاری موسڵ و زۆربەی ناوچەكانی دیكەی پارێزگای سەڵاحەدین لەلایەن چەكدارانی داعشەوە، عەلی سیستانی مەرجەعی باڵای ئاینی شیعەكانی عێراق فەتوای جیهادی دژی گرووپە چەكدارەكان دەركرد، دوای دەركردنی فەتواكەش بەهەزاران خۆبەخش لە پارێزگاكانی باشوورو ناوەڕاستی عێراق روویان لە بنكەكانی ناونووسكردن كرد.
رووداو
