عەللاوی: عێراق لە ئاستانەی دابەشبوونە
عەللاوی لە وەڵامی پرسیارێکی ئاژانسی هەواڵی سی ئێن ئێنی ئەمەریکاییدا کە دەڵێت چی ئەگەر کۆتایی عێراق ببینێ، دەڵێت، "ڕەنگە، ئەمە دەمێنێتەوە سەر ئەوەی کە چۆن مامەڵە لەگەڵ دۆخەکە دەکرێت، بەڵام ئێمە ئێستا هەمان دۆخی ململانێکانی ئێستای سووریامان هەیە." عەللاوی بەم گوزارشتەی دەیەوێت بڵێت کە هەروەک چۆن ئێستای سووریا بەشێکی بەدەست عەلەوییەکان و سوننە لە بەرەی ئۆپۆزسیۆن و کوردیش ناوچەیەکیان جیا کردووەتەوە، عێراقیش بە هەمان شێوە.
عەللاوی زیاتر گوتی "ئەو پشتێنە بازنەییەی دەوری بەغدا شکستی بردووە، دەورووبەر ئێتسا بەدەست میلیشیا سوننەکانەوەن، حکوومەتی بەغدا توانای گۆڕانکاریی ئەم دۆخەی نییە، حکوومەت هاوکات ناتوانێت بەر بە تەقینەوەکانی نێو بەغدا بگرێت."
دەربارەی دەستتێوەردانی نوێی ئەمەریکایش لە عێراق، دەڵێت "ئەمە دەستتێوەردانە هاوکار نابێت، ڕەنگە ببێتە هۆیەکیش وەک ئەوەی ڕۆن بە ئاگردا بکەیت"، لەسەر ئەو باوەڕەیشە کە "بە تایبەت پاش کشانەوەی ئەمەریکا لە عێراق کاریگەرییەکانی بەسەر عێراقەوە لەدەست داوە."
عەللاوی دەشڵێت "لە عێراقدا دوو یاریزانی سەرەکیی هەن کە ئێران و تورکیان، بەڵام ناتوانن بە سانایی بێنەوە نێو عێراق."
