حکومەتی عێراق: هۆزەکان پێنج ناوچەی سەڵاحەدین کۆنترۆڵدەکەنەوە
سەرچاوەیەک لە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقەوە تایبەت بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "چەکدارانی هۆزەکانی جبور و ئەفسەرانی سوپای پێشووی عێراق ناوچەکانی زلوعییە (90 کیلۆمەتر لە بەغداوە دوورە)، عەلەم و ئیسحاقییان لە پارێزگای سەڵاحەدین کۆنترۆڵکرد و لەدەستی چەکدارانی رێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام (داعش)یان سەندنەوە".
سەرچاوەکەی ئەنجوومەنی وەزیران گوتیشی "چەکدارانی هۆزەکان هاوکات ناوچەکانی حوجاج و زویەیان لە پارێزگای سەڵاحەدین کۆنترۆڵکرد و لە دەستی چەکدارانی داعشیان سەندنەوە".
ئەو سەرچاوەیە ئاشکراشیکرد، کە "سوپا و هێزە ئەمنییەکانی عێراق تەنها 10 کیلۆمەتر لە ناوەڕاستی شاری تکریتی سەنتەری پارێزگای سەڵاحەدینەوە دوورن".
هاوکات جەمال عەگاب، گوتەبێژی پارێزگای سەڵاحەدین لە لێدوانێکدا بۆ تۆڕی میدیایی رووداو، ئەو لێدوانەی سەرچاوەکەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقی پشتراست کردەوە.
ئەمە لەکاتێکدایە چەکدارانی داعش و چەند گروپێکی چەکداری دیکە وەک سوپای نەقشبەندی و سوپای ئیسلامی، کە ژمارەیەکی زۆر لە کۆنە بەعسییەکانی عێراق لەخۆدەگرن، شاری موسڵ و چەند ناوچەیەکی دەورووبەری و زۆربەی ناوچەکانی پارێزگای سەڵاحەدینیان کۆنترۆڵ کردووە.
رووداو
