هۆشیار زێباری: بەغدا بە هاوکاریی پێشمەرگە مووسڵ بەدەست دێنێتەوە

 هۆشیار زێباری: بەغدا بە هاوکاریی پێشمەرگە مووسڵ بەدەست دێنێتەوە
وەزیری دەرەوەی عێراق، هۆشیار زێباری، ئەمڕۆ چوارشەممە ڕایگەیاند، بەغدا بە هەماهەنگیی لەگەڵ هێزەکانی پێشمەرگە، چەکدارانی داعش لە مووسڵ وەدەر دەنێت.

ئەم لێدوانەی زێباری پاش دوو ڕۆژ دێت لە دەستبەسەرداگرتنی مووسڵ لە لایەن گرووپی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام-داعش- کە لە ڕێکخراوی قاعیدە جیا بوونەتەوە.

هۆشیار زێباری لە میانەی کۆبوونەوەی یەکیەتیی ئەورووپا و کۆمکاری وڵاتانی عەرەبی کە لە ئەسینای یۆنان بەڕێوە دەچێت، ڕایگەیاند کە، هەماهەنگی دەبێت لە نێوان بەغدا و حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ وەدەرنانی چەکدارانی بیانی و گێڕانەوەی مووسڵی دووەم گەورەترین شاری عێراق.

هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان ئەرکیان پاراستنی ناوچە سنوورییەکانی ئەو پارێزگایانەیە کە دراوسێی هەرێمن و مەبەستیش لێی بەرگرتنە لە دزەکردنی چەکداران بۆ سنووری هەرێمی کوردستان. سەرۆکوەزیرانی کوردستان، نێچیرڤان بارزانییش پاش پاشەکشەی سوپای عێراق لە مووسڵ ڕایگەیاند کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئامادەیی خۆی بۆ پارێزگاریکردن لە مووسڵ نیشان داوە، بەڵام هەڵوێستی بەغدا تایبەت بەم پرسە ئەرێنی نەبووە.

وەزیری دەرەوەی عێراق، هۆشیار زێباری، لە اموەی کۆبوونەوەیەدا هاوکات داوای لە سەرکردە عێراقییەکان کرد، بۆ بەرەوڕووبوونەوەی ئەو مەترسییەی بەسەر وڵاتەوەیە، ڕیزەکانیان یەکخەن. ئەو هاوکات جەختی کردەوە لەوەی کە دەبێت بەرپەرچدانەوەی داعش پەلەی لێ بکرێت.








KDP.info
Top