لێدوانی كۆشكی سپی لەسەر دۆخی عێراق

 لێدوانی كۆشكی سپی لەسەر دۆخی عێراق
كۆشكی سپی پشتیوانیی خۆی بۆ حكومەتی عێراق دووپاتدەكاتەوە "بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر" ‌و بەشێك لە جۆری ئەو چەكانەشی ئاشكراكرد، كە بڕیارە بەمزووانە بگەنە دەستی حكومەتی عێراق.

جۆش ئێرنست، گوتەبێژی كۆشكی سپی لەبارەی رەوشی عێراقەوە رایگەیاندووە "داوا لە هەموو سەركردەكانی عێراق دەكەین بە مالیكیشەوە، كە هەوڵبدەن ئەو كێشانەی بێ چارەسەر ماونەتەوە چارەسەر بكەن و داوكارییەكانی خەڵكی عێراق بەدی بهێنن".

هەروەها دەڵێ "ئێمە بەردەوام دەبین لە پەیوەندییەكانمان و پێدانی هاوكاریی ئەمنی بە حكومەتی عێراق، بەڵام بەرپرسارێتی سەركردەكانی عێراقیشە كە خۆیان بگەنە چارەسەر".

هەروەها هاوكارییە سەربازییەكانی ئەمریكاشی ئاشكراكردووە كە بڕیارە بەمزووانە بگەنە عێراق، كە بریتین لە: 300 مووشەكی هێڵفایەر، ملیۆنان چەكی بچووك و هەزاران چەكی بەهێز ‌و هەلیكۆپەر، ئەمە جگە لە نارنجۆك ‌و قەناس و چەكی جۆری ئێم 4 و ئێم 16.

جۆش ئێرنست راشیگەیاند "ئەمریكا بەردەوام دەبێت لە هاوكاریكردنی عێراق بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر". گوتەبێژەكەی كۆشكی سپی ئاماژەی بەوەشكرد "ناكرێ هەموو كێشەكان بخرێتە سەر ئەستۆی حكومەتی عێراق، بەڵام هەموو سیاسییەكان بە مالیكیشەوە بەرپرسیارن". ئەو گوتەبێژە ئامادەنەبوو باس لە تواناكانی سوپای عێراق بكات و گوتی "ئەوە كاری من نییە".







رووداو
Top