تارق هاشمی پشتیوانی لە داعش دەكات
هاشمی لە ئەكاونتی تایبەتی خۆی لە تویتەر، هاتنی داعش بۆ نێو شاری موسڵ بە سەركەوتن دادەنێت و رایگەیاند "مرۆڤی چاك بەرامبەر زۆردارێكی شێت دەتوانێ كاژێرێك ئارامی هەبێ و بتوانێ خۆی راگرێ ، بەڵام نەك تا هەتاهەتایە".
هەروەها هاشمی ئەو هێرشەی داعش بۆ موسڵ بە شۆڕش ناودەبات و دەڵێت "پیرۆز بێ شۆڕشی چەوساوەكان و ژێردەستەكان و پەراوێزخراوان لە موسڵ".
هاشمی لە تویتێكی دیكەدا ، ئاماژە بە دانانی چەك لەلایەن سوپای عێراق دەكات لە رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ چەكدارانی داعش و دەڵێت " ئەوەی كە خاوەنی قەزیە بێت بەرگریی لە چەكەكەی دەكات وەك چۆن بەرگریی لە شەرەفی دەكات، بەڵام بەكرێگیراو هیچ قەزیەیەكی نییە تاوەكو بەرگریی لێبكات و لە یەكەم رووبەڕووبوونەوەدا دەستبەرداری چەكەكەی دەبێت كە نموونەی ئەو كەسانەش لە نێو سوپاكەی مالیكیدا زۆرن".
تارق هاشمی لەو كاتەی جێگری سەرۆك كوماری عێراق بوو لەلایەن دادگاوە بە تێوەگلان لە تیرۆر تۆمەتباركراوەو لەلایەن دادگاشەوە 5 جار حوكمی لەسێدارەدانی بۆ دەرچووە.هاشمی بۆ ماوەیەك هاتە هەرێمی كوردستان و ئێستاش لە وڵاتی توركیا نیشتەجێیە.
رووداو
