چەكداران دوو گوندی شەرگات كۆنترۆڵ دەكەن

 چەكداران دوو گوندی شەرگات كۆنترۆڵ دەكەن
قایمقامی شارۆچكەی شەرگات لە پارێزگای سەڵاحەدین رایگەیاند، چەكدارانی داعش ئەمڕۆ دوو گوندی شارۆچكەكەیان لە باكووری شەرگات كۆنترۆڵكرد.

عەلی دەحدوح، قایمقامی شارۆچكەی شەرگات بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "چەكدارانی داعش ئەمڕۆ هەردوو گوندی گێنعۆس و شێخ حەمەدی شارۆچكەكەیان لە باكووری شەرگات كۆنترۆڵكرد، بەڵام لە ناوچەكانی دیكەی شەرگات چەكدارانی هۆزەكان و پۆلیسی عێراق لە ئامادەباشیدان بۆ بەرگریكردن لە ناوچەكانیان".

عەلی دەحدوح گوتیشی "داوای هێزمان لە فیرقەی چوار و فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەكانی سوپای عێراق لە پارێزگای سەڵاحەددین كردووە، کە بێن بە هانامانەوەو بەڵێنیشیان پێداوین كۆمەكمان بكەن".

ئەمە لەكاتێكدایە زۆربەی زۆری ناوچەكانی شاری موسڵی سەنتەری پارێزگای نەینەوا و فڕۆکەخانەی شارەکەش، لەلایەن چەكدارانی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام (داعش) كۆنترۆڵكراوە.






رووداو
Top