دوایین زانیاریی لەبارەی شەڕی داعش و هێزە ئەمنییەكان لە موسڵ
سەعید مەموزینی بەرپرسی راگەیاندنی لقی 14ی پارتی دیموكراتی كوردستان لە شاری موسڵ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، كە لە شەڕی ئەمڕۆی نێوان هێزە ئەمنییەكان و چەكدارانی داعش 20 لەو چەكدارانە كوژراون.
گوتیشی "چەكداری پاكستانی و ئەفغانییان تێدابووە، هاوكات پێنج لە كوژراوەكانیش چەكی قەناسەیان لەلابووەو لە سەربانەكانەوە خەڵكیان كوشتووە".
مەموزینی ئەوەشی راگەیاند "300 چەكداری داعش لە سنووری سووریاوە دزەیان كردووەتە نێو شاری موسڵ و چەند رۆژێكە ژمارەیەك گەڕەكیان كۆنترۆڵكردووەو خەڵكەكەیان دەركردووە".
بە گوتەی بەرپرسی راگەیاندنی لقی 14ی پارتی دیموكراتی كوردستان لە شاری موسڵ چەكدارانی داعش خانووی ئەو گەڕەكانەی كۆنترۆڵیان كردوون كونكردووە بۆ ئەوەی بتوانن لەكاتی رووبەڕووبوونەوەیان لەگەڵ سوپای عێراق بە ئاسانی هاتووچۆی تێدابكەن.
دەشڵێت ئەمڕۆ ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا بە ئامادەبوونی پارێزگاری نەینەوا كۆبووەتەوەو هەوڵدەدەن بە زووترین كات رەوشەكە ئارام بكەنەوە. فەرماندەكانی سوپای عێراقیش دەڵێن ئەم شەڕە زۆر ناخایەنێ و دەبێ بە زووترین كات ئەم چەكدارانە لە شاری موسڵ دەربكرێن.
سەعید مەموزینی گوتی "سوپای عێراق تاوەكو ئێستا توانیویەتی وێستگەی كارەباو گەڕەكەكانی ئینتیسارو حەی سەدامی پێشوو كۆنترۆڵ بكاتەوە".
بەرپرسی راگەیاندنی لقی 14 ی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتیشی: "شەڕەكە زیاتر لە گەڕەكە عەرەبنشینەكانەو خەڵكەكەش لەترسی پێكدادانەكان بەرەو هەرێمی كوردستان و ئەو ناوچانە هەڵدێن كە لەژێر دەسەڵاتی پێشمەرگەدایە".
رووداو
