داعش دەبێتە هۆی قەدەخەکردنی هاتووچۆ لە موسڵ و سەڵاحەددین
ئەسیل نوجەیفی، پارێزگاری نەینەوا رایگەیاند: "هەرچەندە هێشتا هیچ لەئارادا نییە، بەڵام بەهۆی مەترسی ئەنجامدانی هێرشی خۆكوژی لەلایەن چەكدارانی (داعش)، ئیدارەی نەینەوا بڕیاری دا هاتووچۆ لە شاری موسڵ قەدەخەبكات".
ئەسیل نوجەیفی گوتیشی، "چەكدارانی داعش سەربازگەیان لە ناوچەكانی نێوان نەینەواو سەڵاحەددین هەیەو مەترسی دەكرێ بتوانن رێگەی نێوان ئەو دوو پارێزگایە ببڕن، لە ئەگەری بەدیهاتنی ئەو مەترسییەش ئێمە پانا بۆ هەرێمی كوردستان دەبەین بۆ وەرگرتنی یارمەتی مەدەنی".
ئەمە لەكاتێكدایە بەهۆی كۆنترۆڵكردنی چەند ناوچەیەكی شارۆچكەی سامەڕا ئیدارەی پارێزگای سەڵاحەددین هاتووچۆی لە پارێزگاكە قەدەخەكرد.
هاوكات یوسف عەبادی، بەرپرسی راگەیاندنی وەزارەتی ناوخۆی عێراق پێشوەخت بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند:
"لە حەوت گەڕەكی شاری سامەڕا پێكدادانی تووند لە نێوان سوپا و پۆلیستی عێراقی و چەكداران دەستیپێكردووە".
لە بارەی دوا ئاماری كوژراو و بریندارەكان، عەبادی گوتی "بەهۆی بەردەوامی شەڕ و پێكدادانەكان، تاوەكو ئێستا ئاماری كوژراو و برینداران لە بەردەستدا نییە، هێزە ئەمنییەكانیش لە هەوڵدان لە زووترین كاتدا كۆتایی بە پێكدادانەكە بهێنن و ئەو ناوچانە لە چەكداران پاكبكاتەوە".
رووداو
