عێراق: چەند تەقینەوەیەك 76 قوربانی لێكەوتەوە

 عێراق: چەند تەقینەوەیەك 76 قوربانی لێكەوتەوە
زنجیرەیەك تەقینەوە لە چەند ناوچەیەكی شارەكانی بەغدا، بابل و پارێزگای سەڵاحەدین كوژران و برینداربوونی 76 كەسی لێكەوتەوە.

نووسینگەی راگەیاندنی وەزارەتی ناوخۆی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: " لە ئاكامی تەقینەوەی زنجیرەیەك بۆمبی دەنگی لە شەقامەكانی مەنسور، فەلەستین و لە ناوچەی ئەعزەمیە و بازاڕی شەلال لە ناوچەی شەعب، 2 كەس كوژران و 5 كەسی دیكەش برینداربوون".

نووسینگەی راگەیاندنی وەزارەتی ناوخۆی عێراق هەروەها رایگەیاند: "بەهۆی تەقینەوەی ئۆتۆمبێلێكی بۆمبڕێژكراو لەبەردەم نەخۆشخانەی فێركاری لە گەڕەكی ئیسكان لە ناوەڕاستی شاری بابل، 8 كەس كوژران و 50 كەسی دیكەش برینداربوون".

ئەو سەرچاوەیە زیاتر رایگەیاند، " تەقینەوەی ئۆتۆمبێلێكی بۆمبڕێژكراو لە شارۆچكەی بێجی لە باكووری شاری تكریت كوژرانی ئەفسەرێك و برینداربوونی 2 پۆلیسی لێكەوتەوە،
لە شارۆچكەی تارمیەش تەقینەوەی بۆمبێكی چێنراو، كە دەورییەیەكی سوپای كردبووە ئامانج، سەربازێك كوژرا و 3 سەربازی دیكەش برینداربوون، هەروەها كەوتنەوەی چەند گوللـە هاونێك بەسەر بارەگای قایمقامیەتی شارۆچكەی تارمیە لە باكوری شاری بەغدا، كوژرانی سەربازێک و برینداربوونی 3 دیكەی لێکەوتەوە".

پێشتر نێردەی نەتەوە یەكگرتوەكان لەبەیاننامەیەكدا ئاشكرایكرد، كە تەنها لە مانگی ئایاری رابردوو 2200 كەس كوژاون و بەبەراورد لەگەڵ پارێزگاكانی دیكەی عێراقیش شاری بەغدا زەرەرمەندترین پارێزگا بووە.




رووداو
Top