عێراق دووبارە داوای گواستنەوەی ئەندامانی موجاهیدینی خەڵق دەكات

 عێراق دووبارە داوای گواستنەوەی ئەندامانی موجاهیدینی خەڵق دەكات
بە مەبەستی پەلەكردن لە گواستنەوەی ئەندامانی رێكخراوی موجاهیدینی خەڵقی ئێران لە عێراق، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق وەزارەتی دەرەوەی بۆ گفتوگۆكردن لەمبارەوە لەگەڵ نەتەوە یەكگرتووەكان راسپارد.

ئەنجوومەنی وەزیران لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند: "بە مەبەستی پەلەكردن لە گواستنەوەی ئەندامانی رێكخراوی موجاهیدینی خەڵقی ئێرانی لە عێراق بەو پێیەی رێكخراوێكی تیرۆریستیە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق وەزارەتی دەرەوەی راسپاردووە لەمبارەوە گفتوگۆ لەگەڵ نەتەوە یەكگرتووەكان بكات".

بەپێی بەیاننامەكە: "بوونیئەو رێكخراوە دەبێتە هۆی زیاد بوونی كێشە لەسەر ئاسایشی نیشتمانی عێراق و وڵاتانی دراوسێ، چونكە بوونی لە عێراق پێچەوانەی دەستوورە".

رێكخراوی موجاهیدینی خەڵقی ئێرانی لە ساڵی 1965 بە ئامانجی رووخاندنی شای ئێران دامەزراوە، دوای هەڵگیرسانی شۆڕشی ئیسلامی ئێرانیش لەساڵی 1979 دژی رژێمی ئیسلامی وەستایەوەو لە ساڵانی هەشتاكانی سەدەی رابردووش زۆرێك لە ئەندامانی رێكخراوەكە روویان لە عێراق كرد، رێكخراوی موجاهیدینی خەڵق باڵی چەكداری ئەنجوومەنی نیشتمانی بەرگری ئێرانە كە بارەگاكەی لە فەرەنسایە.





رووداو
Top