محەممەد ئەبو ریشە كوژرا
فالح عیساوی، جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای ئەنبار رایگەیاند: "لە ئاكامی هێرشێكی خۆكوژی بە پشتێنەیەكی بۆمبڕێژكراو لە ناوچەی سەبع كیلۆ لە رۆژئاوای شاری روومادی، محەممەد خەمیس ئەبو ریشە سەركردەی هێزی سەحوەكان و بەڕێوەبەری بنكەی پۆلیسی حوریە و بەڕێوەبەری بەشی تاوانەكان و شەش لە پاسەوانەكانیان كوژران، هەروەها 9 چەكداری هێزەكانی سەحوەش برینداربوون".
فالح عیساوی گوتیشی: "پێدەچێت دەمێك بێت رێكخراوی داعش پلانی بۆ ئەم كارە داڕشتبێت و ئەندامانی سەر بەم رێكخراوە دزەیان كردبێتە نێو هێزەكانی سەربە حكومەت، چونكە كەسە خۆكوژەكە چەكدارێكی سەر بە هێزی سەحوەكان بووە هێرشە خۆكوژیەكەی ئەنجامداوە".
محەمەد خەمیس ئەبو ریشە، سەركردەی هێزی سەحوەكان بوو لە شاری روومادی، هەروەها برازای ئەحمەد ئەبو ریشەی سەرۆكی كۆنگرەی سەحوەكانی ئەنبارە.
بە مەبەستی دەركردنی چەكدارانی سەر بە رێكخراوی داعش حكومەتی عێراق ساڵێك زیاترە ئۆپەراسیۆنێكی سەربازی فراوانی لە سنووری پارێزگای ئەنبار دەستپێكردووەو تاوەكو ئێستاش بەردەوامە.
رووداو
