نوێنەری سیستانی باسی چارەسەرکردنی کێشەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەکات

 نوێنەری سیستانی باسی چارەسەرکردنی کێشەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەکات
نوێنەری عەلی سیستانی، گەورە مەرجەعی شیعە لە عێراق و جیهان رایگەیاند، كێشەی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان بە دەستوور و پەنابردن بۆ دادگای فیدراڵی چارە دەكرێ.

عەبدولمەهدی كەربەلائی، نوێنەری عەلی سیستانی لە وتاری نوێژی هەینی لە مەزارگەی حوسێنی كوڕی عەلی ئەبی تالیب لە كەربەلا رایگەیاند: "چەند بنەمایەكی گشتی هەن پێویستە لە پرۆسەی پێكهێنانی حكومەتی داهاتووی عێراق پەیڕەو بكرێن وەك بەشداریپێكردنی هەموو پێكهاتەكانی عێراق لە بەڕێوەبردنی كاروباری عێراق بۆ ئەوەی ئەو پێكهاتانە دڵنیابن لەوەی پەراوێز ناخرێن".

عەبدولمەهدی كەربەلائی گوتیشی "بنەمای دووەم، پێویستە دانوستاندن و گفتوگۆ و بەشداریكردنی لایەنەكانی دیكە لە بڕیار و یەكلاكردنەوەی پرسەكان بۆ بەرژەوەندی گشتی عێراق پەیڕەوبكرێ".

نوێنەری گەورە مەرجەعی شیعە هاوكات داوای پەلەكردن لە پێكهێنانی حكومەتی داهاتوو كرد بەرێگەی گفتوگۆ و لە یەك تێگەیشتن، "چونكە بە پێچەوانەوە قەیرانی زیاتر سەرهەڵدەدەن و رەوشی عێراق ئاڵۆزتر دەبێ".

عەبدولمەهدی كەربەلائی جەختیشی لەوەكردوە، كە "كێشەی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان بە دەستوور و پەنابردن بۆ دادگای فیدراڵی چارە دەكرێ و بڕینی مووچەی فەرمانبەرانی كوردستانیش بەهەمان رێگە، چارە دەكرێ".

نوێنەری عەلی سیستانی ئاماژەی بەوەشدا، كە "ئەگەر هەر گرفتێك هەبوو لەبارەی شیكردنەوەی ماددەكانی دەستوور، ئەوكات دەبێ پەنا بۆ دادگای فیدراڵی ببرێ بۆ شیكردنەوەی ئەو ماددانەو هیچ لایەنێك لای خۆیەوە تاكلایەنانە بڕیار نەدات".

وتارخوێنی هەینی كەربەلا زیاتر گوتی، "ئەگەر هەر گرفتێك هەیە لەبارەی بڕیارەكانی دادگای فیدراڵیشەوە ئەو كات دەبێ پەنا بۆ پەرلەمانی عێراق ببرێ بۆ یەكلاكردنەوەی ئەو گرفتەو ئەگەر كێشەكە یاساییش بێ دەبێ پەلە لە پەسەندكردنی یاسای دادگای فیدراڵی بكرێ".

لەبەرامبەردا سەدرەددین قوبانچی، وتارخوێنی نوێژی هەینی نەجەف و سەركردەی باڵای ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامی عێراق لە وتاری نوێژی هەینی رایگەیاند: "كێشەی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان لە بنەرەتدا سیاسییە، بۆیە دەبێ بە سیاسەت و پەنابردن بۆ یاسا و دەستوور چارە بكرێ".

رۆژی 22ی ئایاری 2014 فرۆشتنی نەوتی هەرێمی كوردستان لە بازاڕەكانی جیهان دەستیپێكرد.

هاوكات وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند، كە سكاڵای لە دژی توركیاو كۆمپانیای بۆتاشی ئەو وڵاتە پێشكەشی ژووری بازرگانی نێودەوڵەتی كردووە لە پاریس، چونكە ئەوان رێگەیان بە هەناردەكردن و فرۆشتنی نەوتی هەرێمی كوردستان داوە.

لەبەرامبەردا وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێمی كوردستان سكاڵاكەی وەزارەتی نەوتی عێراق هەڕەشەكانی بە "پووچ" نێوبردو جەختیشیكردەوە، كە ئەو هەڵوێست و هەنگاوانەی وەزارەتی نەوت بە زیانی عێراق دەشكێتەوە.









رووداو
Top