عەممار حەكیم: حكومەتی زۆرینەی ناڕەها له هەر ساتێكدا دەروخێت

 عەممار حەكیم: حكومەتی زۆرینەی ناڕەها له هەر ساتێكدا دەروخێت
سەرۆكی ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامی عێراق رایگەیاند، لەوانەیە بەرزكردنەوەی دروشمی پێكهێنانی حكومەتی زۆرینەی سیاسی لەكاتی بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمان باش بووبێت، بەڵام بەكەڵك نایەت و هەلی سەركەوتنی لەبەردەمدا نییە، بۆیە پێموایە حكومەتی زۆرینەی سیاسی ناڕەها لە هەر ساتێك بێ دەرووخێت.

عەممار حەكیم، سەرۆكی ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامی عێراق لە میانی گوتارێكیدا لە ئاهەنگێكی ئایینی داوایكرد، "كات بەفیڕۆنەدرێت و كاربكرێت بۆ دۆزینەوەی چارەسەری گونجاو".

عەممار حەكیم دووپاتیشیكردەوە: "زۆرینەی سیاسی رەها حكومەتی داهاتووی عێراق پێكناهێنێت, ئەگەر پێکیشهێنرا، لاوازو سست دەبێت و لەهەر ساتێكیش دەڕوخێت".

حەكیم گوتیشی: "ئێمە نەخشە رێگای راستەقینەمان داڕشتووە و لەگەڵ هێزە سیاسییەكانی دیكەی نێو هاوپەیمانی نیشتیمانی كار لەسەر چارەسەركردنی گرفتەكان دەكەین".

هەروەها سەرۆكی ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامی لە عێراق: "داوای لە كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان كرد، بە شەفافیەتەوە مامەڵە لەگەڵ سكاڵا و تانەكانی تایبەت بە ئەنجامەكانی هەڵبژاردن بكات، كە لەلایەن هەندێك قەوارەی سیاسی پێشكەشكراون".

لە كۆتایی گوتارەكەیدا عەمار حەكیم گوتی: "داوا لە هەموو هێزە نیشتیمانییەكان دەكەین كاربكەن بۆ یەكێتیی نیشتیمانیی و پێكهێنانی تیمێكی بەهێزی یەكگرتوو بە شێوەیەك لە ئاست خواستی گەلانی عێراقدا بێت".









رووداو
Top