سیستانى پێشوازیى لە بەرپرسان و سیاسییەکانى عێراق ناکات

 سیستانى پێشوازیى لە بەرپرسان و سیاسییەکانى عێراق ناکات
گەورە مەرجەعى شیعەکانى عێراق جارێکى دیکە رەتیکردەوە بۆ پێکهێنانى حکومەتى نوێی عێراق پێشوازیى لە بەرپرسانى عێراق بکات.

نووسینگەى ئایەتوڵڵا عەلى سیستانى گەورە مەرجەعى شیعەکانى عێراق لە شارى نەجەف لە لێدوانێکى رۆژنامەوانیدا رەتیکردەوە بۆ تاوتوێکردنى پرسی پێکهێنانى حکومەتى نوێی عێراق سیستانى پێشوازى لە سیاسییەکانى عێراق کردبێت، هەموو ئەو هەواڵانەشى بەدرۆخستەوە کە لەمبارەوە لە دەزگاکانى راگەیاندنەوە بڵاوکراونەتەوە.

نووسینگەى سیستانى رایگەیاندووە "بەهۆى خراپیى رەوشى ئەمنى و ژیان و گوزەرانى هاووڵاتیان و کەمیى خزمەتگوزارى لە ماوەى چوار ساڵى رابردوو ئایەتوڵڵا عەلى سیستانى گەورە مەرجەعى شیعەکانى عێراق ئامادە نەبووە پێشوازى لە سیاسی و بەرپرسانى عێراق بکات".

حەیدەر غورابى، کە کەسێکى نزیکى سیستانییە گوتى: "هەڵوێستى مەرجەع لەهەمبەر پرۆسەى سیاسی و سیاسییەکانى وڵات نەگۆڕاوەو ئامادەش نییە لەگەڵیان دابنیشێت، بەڵکو رەوشەکە لە دیدگاى مەرجەعى ئایینى زۆر خراپتربووە، ئەوەش بوو وایکرد لە هەڵبژاردنەکانى نیسانى رابردوو داواى گۆڕانکاریى بکات".

بەهۆى چارەسەرنەکردنى کێشەکانى نێوان لایەنە عێراقییەکان و نەبوونى خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەکان و بەرپابوونى خۆپیشاندانەکان، لە ساڵى 2011 ەوە تاوەکو ئێستا سیستانى پێشوازیى لە بەرپرسان و سیاسییەکانى حکومەتى عێراق نەکردووە.







رووداو
Top