22 ژن بەبێ کۆتا بۆ پەرلەمانی عێراق سەرکەوتن
لەسەر ئاستی عێراقیش 22 ژن بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بەبێ كۆتا سەركەوتوون و 5 لەوانەش كوردن، كە سیانیان پارتی و یەکێکیان یەكێتی و یەک پەرلەمانتاریشیان گۆڕانە.
4 ساڵ لەمەوبەر بەكۆتا بووە ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بەڵام یەكێك بوو لەو پەرلەمانتارانەی زۆر لە میدیاكانەوە دەردەكەوت، ئەشواق جاف، ئێستا ناوی لە نێو لیستی ئەو ژنانەدایە لەسەر ئاستی عێراق سەركەوتنی گەورەیان بەدەستهێنا، چونكە ئەمجارەیان پێویستی بە كۆتا نەبوو.
خەریكە لە نەریتی هەڵبژاردن و كاری سیاسیدا، ژن و كۆتا، دەبنە دوانەیەكی لێكدانەبڕاو،سیستەمی كۆتا یاریدەدەرێكی باشە بۆ ئەوەی ژنانیش بتوانن بگەنە پەرلەمان و نێو سەركردایەتی حیزبەكانیان. هەرچەندە لەكاتی بانگەشەی هەڵبژاردندا، گلەیی بەشێك لە ژنان رووەو ژنانی دەنگدەرە بەو پێیەی ئامادە نین دەنگ بە ژن بدەن.
لە كۆی 328 كورسی پەرلەمانی عێراق بەشداری ژنان لە 25% دەبێت و لە و رێژەیەش 83 ژن دەبنە خاوەنی كورسی خۆیان لە نێوهۆڵی پەرلەمانی عێراق.
رووداو
