سوپاى موختار ئەو پاڵێوراوەی ئاشکراکرد کە لە هەڵبژاردن دەنگیان پێداوە

 سوپاى موختار ئەو پاڵێوراوەی ئاشکراکرد کە لە هەڵبژاردن دەنگیان پێداوە
ئەمیندارى گشتى حیزبوڵڵاى عێراق رایگەیاند لە هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق، کە لە کۆتایی مانگى رابردوو بەڕێوەچوو "ساختەکارى زۆرى تێدا ئەنجامدراوە". ئاشکراشیکرد 60 هەزار چەکدارى سوپاى موختارى سەر بە حیزبوڵڵاى عێراق دەنگیان بە ئەحمەد چەلەبى، سەرۆکى کۆنگرەى نیشتمانى عێراقی داوە.

واسق بەتات، ئەمیندارى گشتى حیزبوڵڵاى عێراقى رایگەیاند: "لە هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق ساختەکاری زۆرى تێدا ئەنجامدراوەو ئەو بەڵگانەى ئەنجوومەنى باڵاى ئیسلامیش لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکە لەمبارەوە خستنیەڕوو بەڵگەى حاشا هەڵنەگرن لەسەر ئەنجامدانى ساختەکارى".

هەروەها واسق بەتات رەتیکردەوە بەرپرسیاریەتى ئەنجامدانى ساختەکارى لە پڕۆسەى هەڵبژاردنەکاندا لە ئەستۆى مالیکى بێت و گوتی "بەرپرسیاریەتیەکە لە ئەستۆى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانە".

ئەمیندارى گشتى حیزبوڵڵاى عێراقى دەشڵێت: "دەبێ فراکسیۆنە سیاسییە زیانلێکەوتووەکان بەدواداچوون بۆ ئاشکراکردنى ئەنجامە دروستەکانى هەڵبژاردن بکەن و راى گشتى لێ ئاگاداربکەنەوە".

واسق بەتات ئاشکرایکرد "60 چەکدارى سوپاى موختارى سەر بە حیزبوڵڵاى عێراقى لە شارى بەغدا دەنگیان بە ئەحمەد چەلەبى سەرۆکى کۆنگرەى نیشتیمانى عێراقى داوە". بەڵام ئەوە لەکاتێکدایە کە بەپێی ئەنجامی فەرمی راگەیەنراوی کۆمیسیۆن ئەحمەد چەلەبی 10342 دەنگی هێناوە.

لە 19 ئایارى 2014 هاوپەیمانى مواتین کە سەر بە ئەنجوومەنى باڵای ئیسلامییە و عەممار حەكيم سەرۆكايەتى دەكات، لە کۆنگرەیەکى رۆژنامەوانیدا لە شارى بەغدا بەتووندى رەخنەى لە بەکارهێنانى هێز گرت لە میانى بانگەشەکانى هەڵبژاردنى پەرلەمان. دووپاتیشیانکردەوە لە کاتى جیاکردنەوەى دەنگەکان زۆربەى دەنگەکانى ئەنجوومەنى باڵای ئیسلامی سووتێنراوە.







رووداو
Top