عەمار حەكیم هەڕەشە دەکات

 عەمار حەكیم هەڕەشە دەکات
سەرۆكی ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامی لە عێراق هەڕەشە دەکات و دەڵیت، ئەگەر دەستكاری لە دەنگی دەنگدەران بكرێت كاردانەوەی تووندمان دەبێت، هاوكات داوای لە كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژادنەكان كرد نەكەوێتە ژێرباری گوشاری هیچ لایەنێك و پارێزگاری لە دەنگی دەنگدەران بكات.

عەمار حەكیم، سەرۆكی ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامی لە گوتارێكیدا لە ئاهەنگی ساڵیادی لەدایكبوونی پێشەوا عەلی كوڕی تاڵیب (د. خ.)، گوتی: "ئەگەر ساختەكاری لە دەنگی هاووڵاتیان بكرێت، ئەو كات قسەی خۆمان دەبێت بۆ رای گشتی، داواشی لە كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان كرد، پەلە بكات لە راگەیاندنی ئەنجامەكانی هەڵبژاردن، چونكە دواكەوتنی راگەیاندنی ئەنجامەكان گومان لەلای هێزە سیاسییەكان دروستدەكات".

عەمار حەكیم گوتیشی: "رۆڵی ئێمە لە عێراق بەرگریكردنە لە ویست و ئیڕادەی خەڵك، ئەگەر بۆمان دەركەوت ساختەكاری لە ئیڕادەی خەڵك كراوە، ئەوكات بێدەنگ نابین و قسەی یەكلاكەرەوەمان دەبێت، هیواشی خواست كۆمیسیۆن بەكارامەیی و ئەمانەتەوە كارەكانی خۆی راپەڕێنێ".

سەرۆكی ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامی زیاتر گوتی: "ئەگەر ئەنجامەكانی هەڵبژاردن بە پاكی راگەیەنران، ئەو كات قۆناغێكی نوێ دەستپێدەكات و ئێمەش پەلەدەكەین بۆ كۆبوونەوەی پەرلەمان"، هاوكات گرنگی پێكهێنانی حكومەتێكی نیشتیمانیشی دووپاتكردەوە.

لای خۆیەوە كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان رایگەیاند، "هەفتەی داهاتوو ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنەكان رادەگەیەنین".







هەولێر
Top