زنجیرەیەك تەقینەوە بەغدایان هەژاند
نووسینگەی راگەیاندنی وەزارەتی ناوخۆی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لە ئاكامی تەقینەوەی دوو ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژكراو لە نێو گەراجێكی وەستانی ئۆتۆمبێلی سەر بە بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆ لە ناوچەی بەلەدیات لە رۆژهەڵاتی شاری بەغدا كوژرانی 4 كەس و برینداربوونی 11 كەسی دیكەی لێكەوتەوە، هەروەها تەقینەوەی ئۆتۆمبێلێكی بۆمبڕێژكراو لە ناوچەی (حەی ئۆر)ی رۆژهەڵاتی شاری بەغدا 11 كەس كوژران و برینداربوون".
هەر بەپێی راگەیەنراوەكە "لە ناوچەی جەمیلەش بەهۆی تەقینەوەی ئۆتۆمبێلێكی بۆمبڕێژكراو 13 كەس كوژران و برینداربوون، لە گۆڕەپانی 55 ی شاری سەدریش لە ئاكامی تەقینەوەی ئۆتۆمبێلێكی بۆمبڕێژكراو و سێ پەلاماری چەكدارانی نەناسراو كوژران و برینداربوونی 11 كەسی لێكەوتەوە".
ئەوەش خراوەتەڕوو لە ناوچەی كەڕادەی ناوەڕاستی شاری بەغداش لە ئاكامی تەقینەوەی ئۆتۆمبێلێكی بۆمبڕێژكراو 2 كەس كوژران و 7 كەسی دیكەش برینداربوون، ئەمە جگە لە تەقینەوەكانی ناوچەی مەعامل و ناوچەی دۆرە كە تاوەكو ئێستا زیانەكانی نەزانراوە.
پێشبینی دەكرێت بەهۆی سەختی برینی هەندێك لە بریندارەكان ژمارەی كوژراوان بەرزتر ببێتەوە.
لە ناوەڕاستی ساڵی رابردووەوە گرووپە چەكدارەكان زۆربەی چالاكییەكانیان لە شاری بەغدا چڕكردووەتەوە،
لەسەرەتای مانگی ئایاری ساڵی 2014 نێردەی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق دووپاتیكردەوە كە تەنها لە مانگی نیسانی رابردوو نزیكەی 2296 كەس كوژراون.
رووداو
