زاڵمای خەلیلزاد سێ سیناریۆ بۆ پێكهێنانی حكومەتی داهاتووی عێراق گریمانە دەكات
زەڵمای خەلیلزاد، باڵیۆزی پێشووی ئەمریكا لەعێراق، وتارێكی لە رۆژنامەی "ناشیۆناڵ ئینترێست" ئەمریكی، بڵاوكردووەتەوە و باس لە سیناریۆكانی پێكهێنانی حكومەت دەكات، لەدوای هەڵبژاردنە پەرلەمانییەكەی 30ی نیسانی عێراق و دەڵێت "هەڵبژاردنی 30ی نیسان باشترین هەڵبژاردنی عێراق بووە لەدوای رووخانی سەدام، بەڵام ئەنجامی دەنگدانەكە ئاماژەی پەككەوتنی زیاتر و ململانێی زیاتری تێدا بەدیدەكرێت بۆ عێراق".
خەلیلزاد ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە، بەدەستنەهێنانی زۆرینەی دەنگەكان لەلایەن هیچ لایەنێك بۆ پێكهێنانی حكومەتی داهاتوو، وا لە ئەمریكا دەكات هاوكاریی سەركردە عێراقییەكان بێت بۆ گەیشتن بە رێككەوتن لەسەر بەرنامەیەكی چاكسازی، كە توانای دروستكردنی ئارامی هەبێت لە عێراقدا، كە بەرژەوەندییەكانی ئەمریكای تێدا بەرەوپێش بچن، كە رووبەڕووی قەیران بووەتەوە لە ناوچەكە.
خەلیلزاد سێ سینارۆ گریمانە دەكات و دەنووسێ "سیناریۆی یەكەم ئەوەیە كە مالیكی بەو كورسیانەی بەدەستی هێناون لە 328 كورسی پەرلەمان، حكومەتی زۆرینە لەگەڵ بەشدارییەكی رەمزیی كورد و بچووكەكانی سوننە پێكبهێنێت". هەروەها دەڵێ "لە سیناریۆی دووەمیشدا، كە لەهەردوو سیناریۆكەی دیكە نزیكترە رووبدات، ئەوەیە مالیكی بەو 60 بۆ 90 كورسییەی بەدەستی دەهێنێت لەگەڵ لایەنە كوردییەكان و سوننەكان حكومەت پێكبهێنێت و سەرۆكایەتی ئەو پەسەند بكەن هاوشێوەی جاری رابردوو، بەڵام ماوەیەكی زیاتر بخایەنێت تابەیەكەوە دەگەنە رێككەوتن".
سیناریۆی سێیەمی زاڵمای خەلیلزاد بریتییە لە "دەكرێت مالیكی كورسییەكانی لایەنەكانی دیكەی شیعە بقۆزێتەوە بۆخۆی، ئەگەر بە هەردوولاش نەكرا پارسەنگ رابگیرێت، ئەوا عێراق ماوەیەكی درێژ بەو بارودۆخە تێپەڕ دەبێت و مالیكی هەر خۆی سەرۆك وەزیرانی كاربەڕێكەر دەبێت".
خەلیلزاد هەروەها دەڵێت "ئەگەر بەرەی دژە مالیكیش هەر پێداگریی بكەن، رەنگە مالیكی ئەوسا شوێنی خۆی بۆ پاڵێوراوێكی دیكە لە حیزبی دەعوە، كە حیزبەكەی خۆیەتی چۆڵ بكات".
رووداو
