پێكهێنانی هاوپەیمانی عێراقی لەدوا قۆناغیدایە
حەیدەر مولا، كە پێشتر گوتەبێژی هاوپەیمانی عێراقییە بوو بە سەرۆكایەتی ئەیاد عەللاوی، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "هاوپەیمانی عێراقی كە چاوەڕوان دەكرێ هێزە سیاسییەكانی سوننەو لیبراڵییەكانی شیعە لەخۆبگرێ هاوشێوەی هاوپەیمانی نیشتمانی شیعەو هاوپەیمانی كوردستان دەبێ".
حەیدەر مولا گوتیشی "هەوڵەكانی پێكهێنانی هاوپەیمانی عێراقی ئێستا لە دوا قۆناغیدایەو چاوەڕوان دەكرێ لە چەند رۆژی داهاتوو رابگەیەنرێ".
سەركردەكەی موتەحیدون راشیگەیاند "ئامانج لە پێكهێنانی هاوپەیمانی عێراقی یەكخستنی هێزو دەنگی لایەنە لیبراڵییەكانی عێراقە لەبەرامبەر هاوپەیمانییەكانی دیكە لە عێراق".
هاوكات ئینتسار عەللاوی، بەرپرسی نووسینگەی راگەیاندنی ئەیاد عەللاوی، سەرۆكی هاوپەیمانی وەتەنیە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند:"هەوڵێك هەیە بۆ پێكهێنانی هاوپەیمانییەكی هاوشێوەو پێشوەخت ئەیاد عەللاوی و ئوسامە نوجەیفی و ساڵح موتڵەگ، سەرۆكی لیستی عەرەبیە كۆبوونەوە بۆ رێككەوتن لەسەر رێگە نەدان بە مانەوەی نووری مالیكی لە پۆستی سەرۆك وەزیران بۆ جاری سێیەم".
ئینتسار عەللاوی گوتیشی "هاوپەیمانی وەتەنیە لە پەیوەندی بەردەوامدایە لەگەڵ مەسعود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان و موقتەدا سەدر، رابەری رەوتی سەدرو عەممار حەكیم، سەرۆكی ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامی عێراق بۆ رێككەوتن لەبارەی پێكهێنانی حكومەتی داهاتووی عێراق".
ئەمە لەكاتێكدایە بەپێی ئەنجامە بەراییەكانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق هاوپەیمانی موتەحیدون و هاوپەیمانی وەتەنیە بە سەرۆكایەتی ئەیاد عەللاوی و لیستی عەرەبیە بە سەرۆكایەتی ساڵح مەتڵەگ پێشەنگن لەناوچە سوننەنشینەكانی عێراق.
رووداو
