پێشێلكارییەكانی پرۆسەی دەنگدانی تایبەت لە عێراق

 پێشێلكارییەكانی پرۆسەی دەنگدانی تایبەت لە عێراق
رێكخراوی تەمووز بۆ پەرەپێدانی كۆمەڵایەتی و چاودێریكردنی هەڵبژاردنەكان لە عێراق رایگەیاند، كە چەندین پێشێلكاری و رووداوی تووندوتیژییان لە كاتی بەڕێوەچوونی پرۆسەی دەنگدانی تایبەت بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی داهاتووی عێراق تۆماركردووە.

عەلی دوجەیلی، سكرتێری رێكخراوی تەمموز بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "رێكخراوی تەمووز چەندین پێشێلكاری و رووداوی تووندوتیژی لە كاتی بەڕێوەچوونی پرۆسەی دەنگدانی تایبەت بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی داهاتووی عێراق تۆماركردووە، كە كوژران و برینداربوونی دەیان كەسی لێكەوتووەوە".

عەلی دوجەیلی گوتیشی: "بە ئامانجكردنی بنكەكانی دەنگدان بە تەقینەوە، لەكاركەوتنی ئامێری خوێندنەوەی كارتی ئەلیكترۆنی پەنجە مۆر، لێسەندنەوەی كارتی ئەلیكترۆنی دەنگدان لەو دەنگدەرانەی، كە ئامێرەكان كارتەكانیانی نەدەخوێندەوە و بانگەشەكردن لە نزیك بنكەكانەوە دیارترین پێشێلكاری پرۆسەی دەنگدانی تایبەت بوو".

هاوكات شروق عەبایەچی، چالاكوانی مەدەنی لە عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "گرفتی راستەقینەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە دوو خاڵ خۆی دەبینێتەوە، یەكەمیان مانەوەی سێ ملیۆن كارتی دەنگدانە كە دابەشنەكراوەتە سەر دەنگدەران و ئەگەر هەیە بۆ بەرژەوەندی لایەنێك و ساختەكاری بەكاربهێنرێ".

ئەو چالاكوانە عێراقییە راشیگەیاند "گرفتی دووەمی هەڵبژاردنی پەرلەمان لەكاتی پرۆسەی دەنگداندا نییە بەقەدەر ئەوەی لەدوای بەڕێوەچوونی پرۆسەكەیە، واتا كاتی پاراستنی دەنگەكان و یەكلاكردنەوەیان كە دەكرێ ساختەكاری تێدا بكرێ".

هەروەها سەفا موسەوی، گوتەبێژی كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان لە عێراق رایگەیاند: "رێژەی دەنگدانی تایبەت لە هەڵبژاردنی خولی سێیەمی پەرلەمانی عێراق، كە دوێنێ لە هەموو عێراق بە هەرێمی كوردستانیشەوە بەڕێوەچوو، گەیشتە 91.46% و ئەو رێژەیەش لە ساڵی 2003ـوە لە عێراق تۆمار نەكراوە".

دەنگدانی تایبەت بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق كارمەندانی هەموو هێزە ئەمنییەكان، ئاوارەكان، نەخۆشی نەخۆشخانەكان و بەندكراوانی لە عێراق و هەرێمی كوردستان گرتەوەو لە كاژێر 7ـی بەیانی تاوەكو 6ـی ئێوارەی 28.4.2014 بەردەوام بوو.

هاوكات بڕیارە رۆژی چوارشەممە 30.4.2014 دەنگدانی گشتی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە هەموو عێراق بە هەرێمی كوردستانیشەوە بەڕێوەبچێ.






رووداو
Top