عێراق 3 فڕۆکەی دیکەی گەشتیاری دەکڕێت
بەپێی ئاماری وەزارەتی گواستنەوەی عێراق، ساڵانە نزیكەی 5 ملیۆن و 300 هەزار كەس لە رێگای فڕۆكەكانی عێراقەوە گەشت ئەنجامدەدەن. هەروەها هەر بەپێی داتاكان لە چارەگی یەكەمی ئەمساڵەوە بە بەراورد لەگەڵ هەمان كاتی ساڵی رابردوو لە %10ـی رێژەی گەشتەكان زیادی كردووە.
بەنگین رێكانی، بریكاری هونەریی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق بە (تۆڕی میدیایی رووداو) رایگەیاند: لەداهاتوویەكی نزیكدا دەستدەکرێ بە نوێکردنەوەی هەریەكە لە فڕۆكەخانەكانی بەغدا، بەسرا و نەجەف و سیستەمەكانیان دەگۆڕدرێ بۆ سیستەمێكی پێشكەوتووتر.
بەنگین رێکانی هەروەها گوتیشی، فڕۆكەخانەی موسڵ هیچ گۆڕانێكی تێدا ئەنجام نادرێت، بەهۆی خراپی شوێنەكەی. رێكانی راشیگەیاند، رۆژانە 100 گەشت لەسەرجەم فڕۆكەخانەكانی عێراق ئەنجامدەدرێت و لە هەرێمی كوردستانیش، 30 تا 35 گەشت ئەنجام دەدرێن.
سەبارەت بە دۆخی ئەمنی عێراق، بەنگین رێكانی رایگەیاند: خراپی بارودۆخی ئەمنی عێراق كاریگەرییەكی زۆری هەیە لەسەر گەشتەكان و بەهۆیەوە خەڵك ترسیان لە هاتن بۆ عێراق لا دروستدەبێت. هەروەها پارەی كۆمپانیا دڵنیاییەكان زیاتر دەبێت، سەبارەت بە پەیوەندییان لەگەڵ فڕۆكەخانەكانی هەرێمی كوردستانیش، رێکانی گوتی "ئێستا لە پەیوەندییەكی زۆر باشداین و بەڕادەیەكی زۆر هاوكار و هەماهەنگیی یەكتر دەكەین".
رووداو
