دەنگدانی دەرەوە بەبێ كارتی ئەلیكترۆنییە
سیروان ئەحمەد رەشید، ئەندامی ئەنجوومەنی كۆمیسیارانی كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق، كە لەهەمانكاتدا بەرپرسی پڕۆژەی ئەلیكرۆنی كۆمیسیۆنە بە تۆڕی میدیایی روودوای راگەیاند "دەنگدەرانی عێراق لەدەرەوەی وڵات كارتی ئەلیكترۆنییان نییە و بۆ بەشداریكردن لە دەنگدانیش دەبێت بەڵگەنامەیەكیان هەبێت بیسەلمێنێت، كە ئەو كەسە عێراقییە".
ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی كۆمیسیاران گوتیشی "لەدەرەوەی وڵات دوو پرۆسە بەیەكەوە لەیەك كاتدا بەڕێوەدەچن، پرۆسەی تۆماركردنی ناوی دەنگدەر و پرۆسەی دەنگدان".
هەروەك ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد لەبەر زۆری تێچووی كردنەوەی بنكەی دەنگدان نەیانتوانیوە لە هەموو وڵاتێكدا بنكەی دەنگدانیان هەبێت، لەبەر ئەوەش بەتایبەتی لەئەوروپا بۆ هەر دوو سێ وڵاتێك بنكەیەكی دەنگدانیان كردووەتەوە، لەبەر ئەوەش ماوەی دوو رۆژ بۆ دەنگدانی دەرەوە دیاریكراوە بۆئەوەی هەركەسێك مەبەستی بێت سەفەری ئەو شارە، یان ئەو وڵاتە نزیكە بكات و دەنگ بدات".
سەبارەت بە شێوازی چاودێریی پرۆسەكەش، سیروان ئەحمەد رایگەیاند "هیچ جیاوازییەك نییە لەشێوازی چاودێری پرۆسەكە لەگەڵ ناوەوەی عێراق و وەك چۆن لێرە نوێنەرانی لایەنەكان و چاودێرانی رێكخراوەكان چاودێری هەڵبژاردن دەكەن، بە هەمان شێواز لەوێش نوێنەرانی لایەنەكان و چاودێرانی رێكخراوەكان چاودێری هەڵبژاردنەكە دەكەن".
رووداو
